لە دهۆک یادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان کرایەوە

بەرپرسانی باڵا ئامادەی مەراسیمەکە بوون

K24 – دهۆک:

بە ئامادەبوونی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی حکوومەتی عێراق، وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان، رێوڕه‌سمی یادکردنەوەی جینۆسایدكردنی ئێزدییەکان لە دهۆک بەڕێوەچوو.

لە میانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە، جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "پێویستە بۆ لەمەودا باس لە چۆنیەتی چارەسەکردنی کێشەکان بکەین نەک رووداوەکە".

راشیگەیاند: "ئێزدییەکان بە منیان گوتووە، لەلایەن عێراقەوە پشتگوێ خراون و دەشپرسن بۆچی تاکو ئێستا ئیدارەیەکی خۆجێی شنگال نییە؟"

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە حکوومەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان هەوڵی خۆشگوزەرانیی و ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال بدەن.

هەر لە مەراسیمەکە، هەر یەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پارێزگاری دهۆک، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون و وتاری خۆیان پێشکەشکرد و ئاماری زیانەکان و چۆنیەتی قەرەبووکردنەوەی ئێزدەکانیان خستەڕوو.

نێچیرڤان بارزانی، لە وتارەکەیدا رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە شوێنی پێکەوە ژیان دەمێنێتەوە و لە ئازار ئێزدییەکانیش تێدەگات.

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵ بۆ بە پارێزگاکردنی قەزای شنگال  و گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ ماڵ و حاڵی خۆیان دەدات.

لای خۆیانەوە، هونەرمەندانی شاری دهۆک، پانۆرامایەکییان بۆ نیشاندانی ئازاری ئێزدییەکان و هەوڵی قڕکردنیان لە ژێر درووشمی ئاینی و گەڕانەوەی هیوا بۆیان، پێشەکەش کرد.

لە 03/08/2014، چەکدارانی داعش، هێرشیان کردە سەر قەزای شنگال، هەڕەمەکی کەوتنە کوشتنی هەزاران هاووڵاتیی ئێزدی و هەزارانی دیکەشیان بۆ سووریا و ناوچەکانی دیکەی عێراق رفاند، دوێنێ شەممەش، پەرلەمانی کوردستان 3ی ئابی وەک رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان دەستنیشان کرد.

 

H.J