لە گۆڕێكی بە كۆمەڵ 171 روفاتی ئەنفالكراوانی كورد دەرھێندران

ئەمڕۆ كۆتایی بە ھەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵی سەماوە دەھێندرێت

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە یەكێك لە گۆڕە بە كۆمەڵەكانی سەماوە، 171 روفاتی ئەنفالكراوانی كورد دەرھێندران.

فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵی سەماوە، 171 روفاتی ئەنفالكراوانی كورد دەرھێندراون، ئەمڕۆ كۆتایی بە ھەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵ دەھێندرێت و دوو گۆڕی دیكەش ماون، كه‌ لە ئایندەیەكی نزیكدا ھەڵدەدرێنەوە".

بە گوێرەی راگەیەندراوێك لە وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالكراوان، لە زاری سیروان جه‌لال، به‌رێوه‌به‌ری گۆڕە بە كۆمەڵەكان ئاماژە بەوە كراوە: "دوور له‌ پێشبینییه‌كانی سه‌ره‌تای كاركردنمان، كه‌ پێمان وابوو نزیكه‌ی 80 روفات له‌و گۆڕەدا هه‌بێت، به‌ڵام ژمارەكە زۆر زیاتر دەرچوو، ئەمڕۆ كە كۆتا رۆژی ھەڵدانەوەی گۆڕی یەكەمە، ژمارەی روفاتەكان گەیشتە 171، پزیشكی دادییش دەستی كردووە بە گواستنەوەی روفاتەكان بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی پشكنینی ئێسك DNA لە روفاتەكان وەربگیرێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەگەڵ روفاتەكان كەلوپەل و بەڵگەمان دۆزیوەتەوە".

لە 23/7/2019 دەست كرا بە ھەڵدانەوەی یەكەم گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوانی كورد لە بادیەی سەماوەی سنووری پارێزگای موسەنا، سەرەتا راگەیەندرا، كە ئەو گۆڕە 80 روفاتی تێدایە، بەڵام دوای ھەڵدانەوەی، دەركەوت 171 روفاتی تێدا بوو.

ھ.م