پەرلەمان 3ی ئابی وەک رۆژی جینۆسایدكردنی ئێزدییەکان دیار کرد
کۆبوونەوەی پەرلەمان تەواو بوو
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ شەممە، 03/08/2019، پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی سێیەمی بۆ پێشنیازی بڕیاری دیارکردنی رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان کرد و تیایدا بە کۆی دەنگ، پێشنیازەکەی پەسەند کرد.
دوای گفتوگۆی نێوان پەرلەمانتاران و لیژنەی یاسایی، بە کۆی 87 دەنگ، پەرلەمانی کوردستان رۆژی 3ی ئابی وەک رۆژی جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان دیار کرد.
کۆی پڕۆژەکەش کە لە چەند بڕگەیەک لە بارەی قەرەبووکردنەوە قوربانیان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان لە خۆ گرتبوو، بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.
رۆژی 3/8/2014 چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری، بە هۆیەوە هەزاران کەس ئاوارە و دەربەدەر بوون و زیاتر لە شەش هەزار کچ و ژنی ئێزدیش لەلایەن داعشەوە رفێندران، بە گوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی رفێندراوانی ئێزدیش، تا ئێستا چارەنووسی 2 هەزار و 908 کچ و ژنی ئێزدی دیار نییە.
H.J