پێشمەرگەیەكی دێرین كۆچی دوایی كرد
ئەحمەد بڕنۆ یەكێك بوو لەو تێكۆشەرانەی لە رۆژە سەختەكان بەرگریی لە گەل و نیشتمان كردووە
K24 - سۆران
شەوی رابردوو ئەحمەد رەسوڵ، ناسراو بە (ئەحمەد بڕنۆ)، پێشمەرگەی دێرینی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ھەڵگری مەدالیای بارزانیی نەمر، كۆچی دوایی كرد.
ئەحمەد بڕنۆ، یەكێكە لەو پێشمەرگانەی لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوولەوە بۆ بەرگریكردن لە گەل و نیشتمان، وەك ھەزاران رۆڵەی دیكەی كورد چەكی بڕنۆی كردووەتە شان و بۆ كورد و كوردستان تێكۆشاوە. ھەر لەبەر ئەوەش بە ئەحمەد بڕنۆ ناسراوە.
ئەحمەد رەسوڵ لە ساڵی 1947 لە گوندی گرتكی دۆڵی روستی دەڤەری باڵەكایەتی لە دایك بووە و لە سەرەتای تەمەنی گەنجیەتییەوە تێكەڵ بە ژیانی سیاسی و كوردایەتی دەبێت و پەیوەندیی بە ریزەكانی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەكات، یەكێك بووە لەو پێشمەرگە قارەمانانەی لە رۆژە سەختەكاندا، بوێرانە بەرگریی لە كورد و كوردستان كردووە. ئەمەش وای كرد لەلایەن سەرۆك مەسعود بارزانی، مەدالیای بارزانیی نەمری پێ بەخشرا.
ئەحمەد بڕنۆ، یەكێك بووە لەو پێشمەرگانەی دەڤەری باڵەكایەتی، كه بێ دابڕان بەشداریی لە شۆڕشی ئەیلوول كردووە، دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوولیش ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و دواتر لەگەڵ مەفرەزەكانی شۆڕشی گوڵان گەڕاوەتەوە چیاكانی كوردستان و بەشداریی لە چالاكییەكانی پێشمەرگە كردووە، یەكێك بووە لەو پێشمەرگانەی لە داستانی خواكوڕك و راپەڕینی ساڵی 1991 رۆڵی بەرچاوی ھەبووە و بەشداریی لە رزگاركردنی زۆربەی شاروشارۆچكەكان كردووە.
ئەحمەد رەسوڵ، لەبەر لێھاتوویی و شارەزایی لە كاروباری سیاسی و سەربازیی، لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا چەندین پلەی سەربازیی پێ بەخشراوە، دوایین پلەشی ئەندامی فەرماندەیی ھەڵگوردی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بوو. شەوی رابردوو 3/8/2019 لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی ھەولێر كۆچی دوایی كرد و پرسەكەی لە مزگەوتی پێشەوا لە شارۆچكەی دیانای سەر بە قەزای سۆرانە.

.jpg)
.jpg)
.jpg)