پۆلیس بکوژانی بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی کانی قڕژاڵەی ئاشکرا کرد

وردەکاریی چۆنیەتی کوشتن و سووتاندنی دەخاتەڕوو

K24 – هه‌ولێر:

پۆلیسی هەولێر، بکوژانی جەمال باپیر، بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی کانی قڕژاڵەی دەستگیر کرد و وردەکاریی کوشتنەکەی ئاشکرا کرد.

عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لەگەڵ ئاشکراکردنی ناوی تۆمەتباران، هۆکاری کوشتنەکەی بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی گەڕاندەوە و راشیگەیاند، کوشتنەکە پلان بۆ داڕێژراو بووە.

بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئاشکرای کرد، لە رێگای ئۆتۆمبێلی قوربانییەکە، کە تاوانباران ویستویانە بیفرۆشن، بکوژان دەستگیر کراون.

ئاماژەی بەوەش دا، قوربانییەکە لە رێگای خێزانی بکوژەکە، چووەتە ماڵی بکوژەکە و دواتر لەوێ دەستگیر کراوە و لە عەقاری توڕەق لە باکووری رۆژئاوای هەولێر کوژراوە و دواتر سووتێنراوە.

بە هۆی ئەوه‌ی تاوانباران سەرەتا قوربانییەکەیان دەستگیر کردووە و کوشتویانە، دواترە سووتاندوویانە، چاوەڕوان دەکرێت سزای توندیان بەسەردا بسەپێت.

H.J