پاسپۆرتی ھەولێر دانیشتووانی دەڤەری سۆران ئاگادار دەكاتەوە

داوایەك لە دانیشتووانی دەڤەری سۆران دەكرێت

K24 - ھەولێر    

پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێكدا دانیشتووانی دەڤەری سۆران ئاگادار دەكاتەوە، ئەو كەسانەی كاری زۆر بە پەلەیان نییە، بۆ دەرھێنانی پاسپۆرت سەردانییان نەكەن، چونكە لە ماوەیەكی نزیكدا نووسینگەی پاسپۆرت لە سۆران دەكرێتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر ھاتووە: "ئاگاداری هاووڵاتیانی دەڤەری سۆران و دەوروبەری دەکەینەوە، ئەو هاووڵاتیانەی زۆر کاری بەپەلەیان نییە بە پاسپۆرت، سەردانمان نەکەن لەبەرئەوەی لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا لە پاش جەژنی قوربان (نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران) دەکرێتەوە هاووڵاتیانی ئەو دەڤەرە دەتوانن بە ئاسانی ببنە خاوەن پاسپۆرت".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر د. ناسر ھەركی پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشكرای كردبوو، كە رەزامەندیان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەرگرتووە بۆ كردنەوەی نووسینگەی پاسپۆرت لە دەڤەری سۆران.

ھەر پەیوەست بەو بابەتە كرمانج عزەت قایمقامی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاندبوو، لە چەند رۆژی رابردوودا لیژنەیەك لە پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر سەردانی قەزای سۆرانیان كردووە، ئەوان وەك یەكەی ئیداری سۆران شوێنیان بۆ نووسینگەی پاسپۆرتی سۆران دەستنیشان كردووە.

ھ.م