كەسێك لەسەر دزیكردن لە مزگەوتێكی دەڤەری راپەڕین دەستگیر كرا

پۆلیس زانیاری دەربارەی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكە دەخاتەڕوو

K24 - رانیە

لە دەڤەری راپەڕین كەسێك بە تۆمەتی دزیكردن لە مزگەوت دەستگیر كرا، پۆلیس ئاشكرای دەكات، كە تۆەمتبارەكە سزا دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەنداراوێكدا ئاشكرا كرد: "دوا بە دوای ئەو سکاڵایەی کە هاووڵاتییەکی شاری رانیە تۆماری کردبوو، لە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین لە رانیە کە مۆبایلێکی لێ دزرابوو، دوای ئەوەی مەلەفی لێکۆڵینەوەی بۆ رێکخرا و بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی کەسی تاوان کار".

ئاماژە بەوەشكراوە: "دوای بەدەستهێنانی زانیاری و سوود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری کردن ئەمڕۆ 4/8/2019، لەلایەن مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین تۆمەتبارێك دەستگیر کرا بەناوی (م.ك) تەمەن 21 ساڵ كە هەستابوو بە دزینی مۆبایل و چەند كەل و پەلێك لە یەكێك لە مزگەوتەكانی شاری رانیە، دواتر لە ئەنجامی لێكۆڵینەوە دانی نا بە تاوانەكەی".

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند: "بە بڕیاری دادوەر تۆمەتباری ناوبراو راگیرا بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی. لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە".

ھ.م