لە خانەقین بۆمبێك بەھێزەكانی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە

ئۆپەراسیۆن دژی چەكدارانی داعش بەڕێوەدەچێت

K24 - گەرمیان

ھەرێم جاف، پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری گەرمیان رایگەیاند: "شەوی رابردوو لە نزیك گوندی شێركی سەر بە خانەقین بۆمبێك بە ھێزەكانی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە و چەكدارێكی حەشد کوژرا و دووی دیكەش بریندار بوون".

ھاوكات سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای دیالە ھەواڵەكەی پشتڕاست كردووەتەوە و ئاشكرای كردووە، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی قۆناخی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی (ئیرادەی سەرکەوتن) بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو، لە نزیک گوندێکی دەورووبەری خانەقین، چەکدارێکی حەشدی شەعبی کوژرا و دووی دیکەش برینداربوون".

دوێنێ، بە ئامادەبوون و سەرپەرشتی راستەوخۆی عادل عەبدولمەهدی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، قۆناخی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سەرکەوتن، لە سنووری پارێزگای دیالە دەستیپێکرد.

ھ.م