ئەمڕۆ زەیدی دەچێتە فەرەنسا؛ سەردانی ئەڵمانیاش دەکات

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی دوو وڵاتی ئەوروپی دەکات؛ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، دۆسیەکانی وزە و ئاسایش لەگەڵ سەرکردەکانیان تاوتوێ دەکات. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی ئەیلوولی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە بانگهێشتی فەرمیی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، دەگاتە پاریس. هاوکات بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا، سەردانی بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیاش بکات. 

ئەمە یەکەم سەردانی فەرمیی عەلی زەیدییە بۆ ئەوروپا وەک سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ. 

بەپێی زانیارییەکانی بارزان حەسەن، نێردراوی کوردستان24 بۆ پاریس، سبەی دووشەممە، 14ـی ئەیلوول، کۆبوونەوەی سەرەکی و فەرمی لە نێوان عەلی زەیدی و ئیمانوێل ماکرۆن؛ لە کۆشکی ئێلیزێ بەڕێوەدەچێت. 

ئامانجی سەردانەکەی زەیدی بۆ فەرەنسا:

- کەرتی وزە: تاوتوێکردنی پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان، چونکە فەرەنسا لە رێگەی کۆمپانیا گەورەکانی وەک (تۆتال ئینرجیز) پێگەیەکی بەهێزی لە وەبەرهێنانی وزەدا هەیە.

- ئاسایش و بەرگری: بەهێزکردنی هاریکارییە ئەمنییەکان، تاوتوێکردنی داهاتووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی پاشماوەی تیرۆریستان بە مەرجی رێزگرتنی تەواو لە سەروەریی خاکی عێراق.

- ئابووری و ژێرخان: واژۆکردنی چەندین یاداشتی لێکتێگەیشتن و گربەستی نوێ لە بوارەکانی گواستنەوە، ژێرخانی ئابووری، تەندروستی و پەروەردەدا.

- سەرچاوەکانی ئاو: تاوتوێکردنی کێشەکانی وشکەساڵی و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو بە هاوکاریی شارەزا فەرەنسییەکان.

 - بازرگانی و سەقامگیری: هەڵسەنگاندن بۆ لێکەوتەکانی ناسەقامگیریی ناوچەکە لەسەر بزاوتی بازرگانی، دابینکردنی وزە و هەناردەی نەوت.

 

گرنگیی سەردانەکەی پاریس بۆ هەرێمی کوردستان

سەردانەکەی زەیدی بۆ پاریس کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەموو ئەو دۆسیانە هەیە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؛ لە لایەکەوە لە بواری وزە و نەوت و غازدا هەر بڕیارێکی ستراتیژی کاریگەریی لەسەر هەرێم دەبێت، لە لایەکی ترەوە لە دۆسیەی ئاسایشدا بەهۆی رۆڵی گرنگی پێشمەرگە لە جەنگی دژ بە داعش، هەر گۆڕانکارییەک لە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بەبێ لەبەرچاوگرتنی هەولێر تەواو نابێت، و ئەم سەردانە دەتوانێت هاوسەنگیی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدادا بپارێزێت.

پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، مێژوویەکی درێژ و هاوبەشی ستراتیژیی هەیە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2014 و دەستپێکردنی جەنگی دژ بە داعش. فەرەنسا یەکێک بوو لە وڵاتە سەرەکییەکانی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کە پشتیوانیی سەربازی، لۆجستی و مرۆیی پێشکەش بە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد.

لە لایەکی دیکەوە، فەرەنسا پێگەیەکی ئابووریی بەهێزی لە عێراقدا هەیە، بەتایبەتی کۆمپانیای گەورەی وەبەرهێنانی وزەی وەکوو (تۆتال ئینرجیز) پڕۆژەی زەبەلاحی لە بواری نەوت، گاز و وزەی خۆردا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات. لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری سامانی نەوت و گازی عێراق لە هەرێمی کوردستان و ناوچە جێناکۆکەکاندا هەڵکەوتووە، هەر سەردانێکی فەرمی و رێککەوتنێکی وزە لە نێوان بەغدا و پاریسدا پێویستی بە هاوئاهەنگی و تێڕوانینی هاوبەش لەگەڵ هەولێر هەیە بۆ مسۆگەرکردنی سەقامگیری و وەبەرهێنانی درێژخایەن.