بۆ جهژن هاووڵاتیان روو له دوكانهكانی جلوبهرگ دهكهن
مهرجه ههموو جهژنان جلوبهرگی نوێ بكڕین؟
K24 - سلێمانی:
ھاووڵاتیان پێش رۆژانی جەژن بەشێوەیەکی زۆر سەردانی دوکانى جلوبەرگ دەکەن، فرۆشیارانی جلوبەرگیش دەڵێن لەگەڵ نزیکبوونەوە لە جەژنەکان بازاڕیان زۆرتر دەبێت.
ھاوڵاتییهکیش دەڵێت مەرج نیيە تەنھا بۆ جەژن جلوبەرگ بکڕین.
یەکێك لە بازاڕەکانی فرۆشتنی جلوبەرگ كە دەکەوێتە چەقی شارى سلێمانی، بۆیە زۆرترین ھاووڵاتی ڕووی تێدەکەن، ژمارەیەكی زۆر لە ھاووڵاتییان سەردانی بازاڕەکەیان کردووە و بە نیازن بۆ جەژنی قوربان بە جلوبەرگی نوێوە دەربکەون.
محهمهد لە نێو بازاڕەکەدا دوکانێکی ھەیە و پەیتا پەیتا پێشوازی لەو موشتەریانە دەکات کە بە نیازن کاڵای لێبکڕن، ئەم دوكاندارە دەڵێ بازاڕیان لە ڕۆژانی ئاسایی باشترە، بەڵام وەك جەژنی رەمەزان نیيە و ئەمەش ھۆکاری خۆی ھەیە، چونكە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لە دوکانەکەی دەکەن.
ھاووڵاتیان ھەریەکە و بە جۆرێك خۆی بۆ جەژن ئامادەدەکات، ھاووڵاتیيەكيش دهڵێت: "بۆ ئەوەی فشاری زۆر لەسەر بازاڕەکان دروست نەبێت باشترە ھەفتەیەك پێش جەژن بازاڕ بکەیت".
دەشڵێت: "مەرج نیيە بۆ جەژن جلوبەرگی نوێ بپۆشیت".
ئەو جلوبەرگانەی کە لە بازاڕەکانی كوردستاندا ھەن، چەندین جۆری ھەیە تا کوالێتیان باشتر بێت نرخیشیان بەرز دەبێت، ئەو کاڵاكانيش لە وڵاتانی تورکیا و ئێران و چینەوە ھاوردە دەکرێن، بەڵام وەك فرۆشیاران دەڵێن کاڵای تورکی زۆرترین خواستی لەسەرەو دەفرۆشرێت.
ئ. م