رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی: گه‌رمای عێراق سه‌رمایه‌داره‌كانی راوناوه
له عێراق مه‌ینه‌تی گه‌رما به هه‌ژاره‌كان بڕاوه
K24 – هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی ئیندپێندتی به‌ریتانی له راپۆرتێكدا باسی له ره‌وشی هه‌ژارانی عێراق و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و نه‌بوونی كاره‌با كردووه و رایگه‌یاندووه، له عێراق ته‌نیا سه‌رمایه‌داره‌كان ده‌توانن له ده‌ست گه‌رما رابكه‌ن.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌شناسی پله‌ی گه‌رمی له 15 رۆژی نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی ئابدا، نزیك ده‌بێته‌وه له په‌نجا پله‌ی سه‌دی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كێشه‌كه‌ی زیاتر كردووه، نه‌بوونی بڕی كاره‌بای پێویسته بۆ هاووڵاتیان تا بتوانن ئامێره‌كانی فێنك كردنه‌وه به‌كار بهێنن.
رۆژنامه‌كه باسی له‌وه‌شكردووه، ده‌وڵه‌مه‌ند و سه‌رمایه‌داره‌كان به پاساوی جۆراوجۆر وڵاته‌كه‌یان به‌ره‌و وڵاتانی دیكه به‌جێهێشتووه و ئاماده نین له ره‌وشێكی له‌و شێوه‌یه‌دا بمێننه‌وه. ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه ته‌نیا هه‌ژاره‌كانن.
به گوێره‌ی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، كه مانگی رابردوو بڵاوكرایه‌وه، جیهان به‌ره‌و سیناریۆی جیاكاری ره‌گه‌زی له رووی كه‌شوهه‌واوه هه‌نگاو ده‌نێت و ئه‌و تیۆره نوێیه له عێراقدا بووه‌ته واقیعێك.
ئه‌و راپۆرته باسی له‌وه‌شكردووه، له جیهاندا 2.8 ملیار كه‌س له پله‌ی گه‌رمی 25ی سه‌دیدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، به‌ڵام ته‌نیا كه‌متر له سه‌دا 10یان توانایان هه‌یه ئامێره‌كانی فێنك كه‌ره‌وه به‌كار بهێنن.
به خه‌مڵاندنی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و ژماره‌یه تا 2050 ده‌گاته 1.900 ملیار كه‌س، كه ناتوانن ئامێری فێنك كه‌ره‌وه به‌كاربهێنن.
سه‌رچاوه: المعلومة
ئ.ر