"شمشێری دهریا" شاره ههزاران ساڵییهكهی عێراق پشتگوێخراوه
گهشتیاری كهمی بۆ دهچێت
K24 - ههولێر:
شاری بۆرسیبا لە بابل مێژوویەکی دێرینی هەیە و بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، زۆرجار بە زەقوڕەش ناوی دێت، بەهۆی ئاڵۆزیی چەند دەیەی رابردووی عێراق، ناوچەکە پشتگوێ خراوە و گەشتیاری زۆر کەمیشی بۆ دەچێت. بەمدواییانەش جارێکی دیکە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆوە خرایەوە لیستی کولتووری جیهانییەوە.
لە وڵاتان بایەخ بە خانوویەکی چەند ساڵە دەدرێت و وەک بەشێک لە کولتوور و مێژووی ئەو وڵاتە سەیر دەکرێت، کەچی لە عێراق شارستانیەتی هەزاران ساڵەی بەر لە زایین پشتگوێ دەخرێت.
شاری بۆرسیبا لە بابل مێژوویەکی دێرینی هەیە و بۆ زیاتر لە چوار هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، کە زۆرجار بە زەقوڕەش ناوی دێت.
ئەحمەد حەمزە حەسەن مێژووناسه و دهڵێت: "مێژووی شاری بۆسیبا بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، فەرمانڕەوای سۆمەری ئۆرنەمۆ، نزیکەی دوو هەزار و 500 ساڵ بەرلە زایین، باسی لەوەکردووە، کە هەستاوە بە نۆژەنکردنەوەی پەرستگای خوداوەند نامۆ، یان ئێزیددا".
هاوشێوەی سەرجەم بوارەکانی دیکە، بەهۆی ئاڵۆزیی چەند دەیەی رابردووی عێراق، ناوچە گەشتیاری و مێژووییەکانیش پشتگوێ خراون و ناوچەی زەقوڕەش یەکێکە لەو ناوچانە، کە گەشتیاری کەمی بۆ دەچێت. بەڵام بەمدواییانە جارێکی دیکە لەلایەن یونسکۆوە خرایەوە لیستی کولتووری جیهانییەوە.
ئهو مێژووناسه دهڵێت: "ناوی شارەکە بە واتای شمشێری دەریا، لە سۆنگەی ئەوەی شارێک بووە لە کەنار دەریا، هەردوولای باکوور و رۆژئاوای بە ئاو داپۆشراو بووە".
مێژووی ئەم شارە بۆ چوار هەزار و 300ـی پێش زایین دەگەڕێتەوە، ساڵی 1902 لەلایەن زانای شوێنەواری ئەڵمانی روبەرت کولدیڤی و لە ساڵی 1980 جارێکی دیکە لەلایەن تیمێکی نەمساوی لە زانکۆی فرانزینز ئینسروک، کنە و پشکنینی بۆ کراوە.