حكوومه‌تی هه‌رێم: به‌غدا زیاتر له به‌های 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت پاره‌ی هه‌رێمی بڕیوه
به‌غدا ته‌نیا 5.44 ترلیۆن دینار له ماوه‌ی ساڵێكدا بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت
K24 – هه‌ولێر:
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، شایسته‌ی دارایی و پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ئیتیحادیدا، 12.84 ترلیۆن دیناره، به‌ڵام به‌غدا ته‌نیا 5.44 ترلیۆن دینار له ماوه‌ی ساڵێكدا بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت.
جوتیار عادل گوتیشی: ئه‌و پاره‌یه‌ی له پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی ئیتحادی ده‌بڕدرێت، زۆر زیاتره له به‌های ئه‌و داهاته‌ی به هۆی فرۆشی 250 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌وه ده‌ست ده‌كه‌وێت.
روونیشیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه ئه‌و بڕه نه‌وته راده‌ستی به‌غدا بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، گوته‌بێژی حكوومه‌ت گوتیشی: له ئێستادا ساڵانه 7.39 ترلیۆن دینار له پشكی هه‌رێم بڕاوه و حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌و داوایه‌ی ئاراسته‌ی به‌غدا كردووه، خۆشبه‌ختانه تێگه‌یشتنی ئه‌رێنی له باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه هه‌یه.
جوتیار عادل، له باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه گوتی: ئه‌ركی سه‌ره‌كی حكوومه‌ت پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمه. حكوومه‌تی عێراق له كۆی ملیۆنێك فه‌رمانبه‌ر، مووچه‌ی ته‌نیا زیاتر له 600 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ده‌نێرێت. ئه‌مه له پێشینه‌ی كاری حكوومه‌ته و فه‌رمانبه‌ران دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه له واده‌ی خۆیدا مووچه‌كان ده‌درێت.
له باره‌ی گۆڕانكاری له پۆستی بریكار و به‌ڕێوبه‌ره گشتییه‌كان، جوتیار عادل گوتی: ئامانجی سه‌ره‌كی حكوومه‌ت باشتر كردنی ئه‌دای حكوومه‌ته و ئه‌مه ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستی گۆڕانكاری له پۆسته‌كان ناوه‌ستێت. ئه‌و پرسه باسكراوه و ده‌كرێت له داهاتوودا له چوارچێوه‌ی ئه‌دای حكوومی باسی بكرێت.
له باره‌ی كه‌ركووكیشه‌وه، گوتی: كه‌ركووك و شنگال دوو بابه‌تی به‌یه‌كه‌وه به‌ستراوون. لیژنه بۆ ئه‌و پرسه پێكهێنراوه. كاری باش كراوه. زۆر ورده‌كاری و بابه‌تی لاوه‌كی تێدایه. كه‌ركووك له كۆمه‌ڵێك پێكهاته پێكدێت. وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین پرس به‌و پێكهاتانه‌ش بكرێت. هه‌نگاوی باش نراوه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفتانه و كێشانه.