قالیباف: وەڵامێکی بەهێز و عاقڵانەمان پێشکەشی ئەمریکا کردووە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایدەگەیەنێت، وەڵامێکی یەکلاکەرەوەیان داوەتە ئەمریکا و لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی واشنتنە بۆ رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ، هاوکات سوپای ئێرانیش هۆشداری دەدات، ئەگەر جەنگ رووبدات، جوگرافیای ململانێکان تەنیا لە رۆژئاوای ئاسیا کورت نابێتەوە.

قالیباف: وەڵامی ئەمریکامان دایەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و ژیرانەیان داوەتە لایەنی ئەمریکی.

قالیباف گوتی، "ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی واشنتنە بۆ ئەوەی رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە بکات". 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا جەختی کردەوە، هێزەکانیان لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان و ئەگەر واشنتن هەڵەیەکی ستراتیژی بکات، ئەوا راستەوخۆ رووبەڕووی گۆڕەپانێکی نوێی جەنگ دەبێتەوە و باجێکی قورس دەدات.

هەڵوێستی سوپای ئێران بۆ فراوانکردنی جەنگ

لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی سوپای ئێران سەبارەت بە پێشهاتە سەربازییەکانی ئەم دواییە، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، هەر دەستدرێژییەکی نوێی ئەمریکا رووبەڕووی وەڵامێکی خێرا، یەکلاکەرەوە و زۆر فراوانتر لە پێشوو دەبێتەوە. 

ئەو بەرپرسەی سوپای ئێران هۆشداریشی دا و گوتی، ئەگەر جەنگێکی نوێ هەڵبگیرسێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە جوگرافیای رووبەڕووبوونەوەکان تەنیا لە ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا کورت نابێتەوە و تەواوی ناوچەکە دەگرێتەوە.

هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی قشم

ئەم لێدوانە توندانەی بەرپرسانی تاران دوای ئەوە دێن، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردە سەر دوورگەی قشم لە گەرووی هورمز. بەگوێرەی زانیاریی میدیاکانی ئەمریکا و لێدوانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، دوای ئەوەی سوپای پاسداران تەقەی لە دوو فڕۆکەی ئەمریکی کردووە، فڕۆکەیەکی سوپای ئەمریکا وەک هەنگاوێکی بەرگری، سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکی لە دوورگەی قشم بەتەواوی وێران کردووە. 

بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هێرشەکە زۆر سنووردار بووە و ئامانج لێی رێگریکردنە لە هێرشی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز، هەروەها واشنتن هیچ پلانێکی خێرای بۆ فراوانکردنی گرژییەکان نییە. 

لەگەڵ ئەوەشدا، رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە زاری چەند بەرپرسێکەوە ئاشکرای کردووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی نهێنی زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر ئێران.

هەڕەشەکانی ترەمپ و پرسی دانوستان

هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییە مەیدانییانە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بە کەناڵی "فۆکس نیوز"ـی راگەیاند، دەتوانن لە هەر کاتێکدا بیانەوێت و تەنیا لە ماوەی یەک کاتژمێردا هێرش بکەنە سەر شاخی "کوڵنگ" لە ناوخۆی ئێران و ئامانجەکانیان بپێکن. 

ترەمپ ئاماژەی بەوە دا، ئابووریی ئێران بەتەواوی دادەڕمێت و لە پێگەیەکی باشی دانوستاندا نین، بۆیە ئێرانییەکان دەیانەوێت بگەنە رێککەوتن و دەرفەتێکی زۆر باش هەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.

 هەروەها جەختی کردەوە، پێی باشە بۆ رزگارکردنی گیانی خەڵکێکی زۆر بگەنە رێککەوتن، چونکە واشنتن لە پێگەیەکی زۆر بەهێزەوە لەگەڵ تاران دانوستان دەکات و دەتوانن لە هەر کاتێکدا بیانەوێت کۆتایی بە پرسەکە بهێنن.