كوتلهی هادی عامری داوای ههڵپهساردنی بڕیاری ههڵوهشاندنهوهی حهشدی شهعبی دهكات
پهرلهمانتارێكی كوتلهی بونیاد: نابێت پەلە لە دەرکردنی بڕیارە سەربازییەکان بکرێت
K24- ههولێر:
هاوپەیمانی بونیادنان له ئهنجوومهنی نوێنهرانی عێراق بە بیانووی هەوڵدان بۆ بە ئامانجگرتنی حەشدی شەعبی لەلایەن وڵاتانی نەیار و ههروهها ئەگەری سەرهەڵدانی پشێوی لە وڵات، داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکات، بڕیاری هەڵوەشانەوەی حەشد و تێکەڵکردنەوەیان بە هێزە ئەمنی و سەربازییەکان هەڵپەسێرێت.
مەنار عەبدولموتەڵیب، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە هاوپەیمانی بونیاد، کە هادی عامری سەرۆکایەتی دەکات، داوای لە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق کرد، بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و رێکخستنەوەی حەشدی شەعبی هەڵپەسێرێت، هۆکارەکەشی بۆ بە ئامانج گرتنی پێگە و جبەخانەکانی حەشد، لەلایەن وڵاتانی نەیار و سەرهەڵدانی پشێوی و ئالۆزی لە وڵات گهڕاندهوه.
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی بونیاد، دەڵێت: بڕگەیەك لە بڕیاری رێکخستنەوەی حەشدی شەعبیدا هەیە، کە داوای دیاریکردنی شوێنی بنکەکانی حەشد دەکات، کە هۆکارێك دەبێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی لەلایەن ئەو وڵاتانەی نەیاری حەشدن، بدۆزرێنەوە و بۆردوومان بکرێن.
گووتیشی: نابێت پەلە لە دەرکردنی بڕیارە سەربازییەکان بکرێت و پێویستە بە باشی و ووردی لێکۆڵینەوەیان بۆ بکرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، تا ئێستا حکوومەت و لایەنە ئەمنییەکان، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان، لەبارەی تەقینەوەی کۆگای چەك و تەقەمەنی سەقەر لە باشووری بەغدا، بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران نەناردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دووپاتیکردووەتەوە، بەمنزیکانە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان لە تەقینەوەی کۆگاکە ئاشکرا دەکرێت.
پێشتریش، لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردبووهوه، بە گوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، پێدەچێت جبەخانەکە، لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کرابێت.
H.B