زەوی رووبەرێکی فراوانی سەوزایی لەدەستدا

کاریگەری لەسەر تەواوی جیهان هەیە

K24 – هه‌ولێر:

لەگەڵ زیاتر تەشەنەکردنی ئاگری دارستانەکانی ئەمازۆن، سوپای بەڕازیل بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە راسپێردرا و هاواری ژینگەپارێز و بەشێک لە هاووڵاتیانی جیهانیش بۆ بە هاناچوونی ئەمازۆن تا دێت زیاتر دەبێت.

بە گوێرەی ئەو وێنانەی پەیمانگای نیشتیمانی بۆ توێژینەوەی بۆشای ئاسمان بڵاویکردووەتەوە، قەبارەی ئاگری ئەمساڵی ئەمازۆن بە بەروارد بە ساڵانی رابردوو، 85% زیادی کردووە.

چەند وڵاتێکی ئەوروپی هەڕەشەی ئەوەیان لە سەرۆکی بەڕازیل کردووە، ئەگەر کار جددی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان نەکات، بازرگانی کردنیان لەگەڵ ئەو وڵاتە رادەگرن.

سەرۆکی بەڕازیل، رێکخراوە ناحکوومییە نێودەوڵەتییەکانی بە کردنەوەی ئاگرەکە تۆمەتبار کردووە، دەڵێت ئەوان ئەو کارەیان بۆ ئەوە کردووە تاکو وێنەی حکوومەتەکەی ناشرین بکەن، بەشێک لەو رێکخراوانەش، سەرۆکی بەڕازیل بە پیاوێکی دژە ژینگە ناو دەبن.

لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، پەیمانگای توێژینەوە لە ژینگەی ئەمازۆن بڵاویکردووەتەوە، هۆکارەکەی بۆ لەناوبردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکان دەگەڕێتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، 10 هەزار هۆشدارییمان لە بارەی ئاگرکەوتنەوە لە ئەمازۆن بڵاوکردووەتەوە.

ئاگرەکە هێند زۆرە، ئاسمانی شاری ساوپالۆی تاریک کردووە کە سێ هەزار و 200 کیلۆمەتر لێوەی دوورە.

لە دەوروبەری ئەو ناوچانەی ئاگرەکەی لێکەوتووەتەوە، 228 مێگا تۆن گازی کاربۆن دیۆکساید بڵاوبووەتەوە و گازێکی ژەهراویش بەرەو کەنارەکانی باشووری ئەمەریکا رێڕەوی گرتووە.

ئەمازۆن 20%ی ئۆکسجینی زەوی دابین دەکات و سێ ملیۆن ئاژەڵ و رووەکی جیاوازی تێدا دەژی. هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن تیرە و خێڵی جیاوازی تێدا نیشتەجێیە.

ئەم دارستانە گرنگی زۆری بۆ تەواوی جیهان هەیە چونکە ساڵانە ملیۆنەها تۆن کاربۆن لێرە هەڵدەمژرێت، بەڵام لە کاتی سووتان یان بڕینەوەیان، جارێکی دیکە ئەو گازەی لەناو خۆیان هەڵیان گرتووە، دەریدەدەنە دەرەوە، ئەمەش گەرمبوون و تێکچوونی کەش و هەوای زەوی لێ دەکەوێتەوە.

 

 BBC

H.J