رۆژنامه‌یه‌كی به‌ریتانی "جه‌نگی نهێنی"ـی ئیسرائیل له عێراق پشتڕاست ده‌كاته‌وه
"ته‌ل ئه‌ڤیڤ پێگه‌كانی ئێرانی له عێراق بۆردومان كردووه"
K24- هه‌ولێر:
رۆژنامه‌ی تایمزی به‌ریتانی له راپۆرتێكدا كه ئه‌مڕۆ بڵاوكردووه‌ته‌وه، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل بوون جبه‌خانه و كۆگاكانی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی حه‌شدی شه‌عبییان له عێراق كردووه‌ته ئامانج و ئه‌مه‌ی به جه‌نگێكی نهێنی ناوبردووه.
له راپۆرته‌كه‌دا باسی ئه‌وه كراوه، به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا به‌م دواییانه ئاشكرایانكردووه، كه ته‌ل ئه‌ڤیڤ كۆگاكانی چه‌كی ئێرانیان له عێراق بۆردومان كردووه، به‌مه‌ش دۆخی ئه‌و وڵاته ئاڵۆزتر ده‌بێت.
رۆژنامه به‌ریتانییه‌كه نووسیویه‌تی، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له واشنتنه‌وه كوژرانی دوو فه‌رمانده‌ی ئێرانیان له‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل پشتڕاست كردووه‌ته‌وه، كه هه‌فته‌ی رابردوو بۆ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی له باكووری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین ئه‌نجامیدا و بووه هۆی ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌و بنكه‌یه.
هه‌روه‌ك راپۆرته‌كه ئاماژه‌ی به بوونی چه‌ند وێنه‌یه‌كی شوێنی رووداوه‌كه‌ش داوه، كه له دیمه‌نه‌كانیان ئاگرێكی گه‌وره له‌و شوێنه كه‌وتووه‌ته‌وه، كه له لایه‌ن فه‌یله‌قی به‌در به‌كار ده‌هێنرا وه‌ك ئاماژه‌ی پێداوه، ئه‌و فه‌یله‌قه له‌و سه‌ربازانه پێكهاتووه، كه له سه‌رده‌می جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران، شانبه‌شانی ئێران له دژی عێراق جه‌نگاون.
هه‌رچه‌نده سوپای ئیسرائیل ره‌تی كرده‌وه هیچ كۆمێنتێك له‌سه‌ر ئه‌و ته‌قینه‌وانه بدات، كه له جبه‌خانه و بنكه چه‌كدارییه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له عێراق روویاندا و ده‌گوترێت له‌لایه‌ن ته‌ل ئه‌ڤیڤه‌وه به هێرشی ئاسمانی روویانداوه، به‌ڵام دواتر بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائی دووپاتیكرده‌وه، وڵاته‌كه‌ی له سه‌نگه‌ره جیاوازه‌كانه‌وه رووبه‌ڕووی ئێران ده‌بێته‌وه و له هیچ شوێنێك پارێزبه‌ندی به كۆماری ئیسلامی نادات.
H.B