فەتح: بۆردومانكردنی حەشد لەلایەن ئیسرائیل راگەیاندنی جەنگە دژی عێراق
ھاوپەیمانێتی فەتح سەركۆنەی بۆردوومانەكان دەكات
K24 - ھەولێر
ھاوپەیمانی فەتح، بۆردومانكردنی حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسرائیل بە راگەیاندنی جەنگ دژی عێراق دەزانێت و بەرپرسیارییەتەكەشی دەخاتە ئەستۆی ئەمەریكا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
لە راگەیاندراوێكدا ھاوپەیمانێتی فەتح، بە سەرۆكایەتی ھادی عامری بڵاوی كردووەتەوە رایدەگەیەنێت "بە توندی سەركۆنەی بۆردومانەكانی ئیسرائیل دەكەین، بۆ سەر كۆگاكانی چەكی حەشدی شەعبی و سەربازگەكان، تا كار گەیشتووەتە بۆردومانكردنی سەركردەكانیش".
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە "بە ئامانجكردنی یەكێك لە سەركردەكانی حەشدی شەعبی لە قائیم، ھەنگاوێكی مەترسیدارە، لەلایەن ئیسرائیل دژ بە حەشد و پێكھاتە و سەركردەكانی".
ھاوپەیمانی فەتح راشیگەیاندووە، حەشدی شەعبی پارێزگاری لە وەڵامدانەوەی ئەو بۆردومانانە دەكات و پێویستیشە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و بە تایبەت ئەمەریكا بەرپرسیاریەتی تەواویان لەو بۆردومانانە بگرنە ئەستۆ".
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەوان ئەو بۆردومانانە بە راگەیاندنی جەنگ دژی عێراق و گەلەكەی و سەروەرییەكەی دەزانێت.
لەلایەكی دیكەوە ھاوپەیمانێتی نەسر داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە، بەرپرسیارییەتی خۆی بەدیبھینێت لە پاراستنی سەروەری خاكی عێراق.
ھێمای بۆ ئەوەشكردووە، ئاڵۆزبوونی دۆخەكە لە بەرژەوەندی ھیچ لایەك نییە.
ھ.م