"ناسنامه‌ی كوردستانیبوونی كه‌ركووك له‌ مه‌ترسیدایه‌"

هۆشداری له‌ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان ده‌درێت

K24 - كه‌ركووك:

ساڵی داهاتوو سەرژمێری لە عێراق بەڕێوەدەچێت، پڕۆسەکە بۆ کورد هەرچەندە گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ دیاریکردنی ڕێژەی ڕاستەقینەی لە عێراقدا، بەڵام بۆ کەرکووك و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە ئێستا بە بارودۆخێکی ناسەقامگیری ئەمنی و سیاسیدا تێدەپەڕێت و هەزاران خێزانی عەرەب لەو ناوچانە نیشتەجێکراون، بەزیانی کورد دەشکێتەوە، بۆیە هۆشداری لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە دەدرێت.

زیاتر لەنیو ملیۆن عەرەب لەشارەکانی دیکەی عێراقەوە بەبیانووی جیاواز هاتوونەتە کەرکووك و فۆڕمی خۆراکیان گواستۆتەوە و  پشتگیری نیشتەجێبوونیشیان بۆکراوە، ئەگەر  سەرژمێری بەم بارودۆخەى ئێستاوە بکرێت، پێشبینی گۆڕانی پارسەنگی هێز دەکرێت و کورد لە زۆرینەوە دەبێتە کەمینە.

لە سەرژمێری ساڵی 1957 رێژەی کورد لە کەرکووك  48.2% بوو، بەڵام بەهۆی شاڵاوی تەعریبەوە لە دوا سەرژمێری ساڵی 1997  کورد وەکو کەمینەیەکی لێهات و ڕێژەکە بۆ 21% دابەزی.

لەدوای ساڵی 2003 و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ کەرکووك و نەمانی تەعریب، رێژەی کورد بۆ نزیکەی 60% زیادی کرد، ئێستا بەهۆی دووبارەبوونەوەی شاڵاوی تەعریب، ڕێژەی کورد بۆ خوار 50% دابەزیوە.

سەرژمێری وەك بنەمایەك بۆ دیاریکردنی ژمارەی دانیشتووان و دیاریکردنی ڕێژەی نەتەوەکان، وەك ستاندار بۆ هەر 10 ساڵ جارێك پێویستە ئەنجام بدرێت، بەڵام لە عێراق 22 ساڵە ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدراوە، دیاریکردنی ساڵی 2020یش بۆ پڕۆسەکە، بەلای کوردەوە بە فێڵێکی سیاسی و گەلەکۆمەی داگیرکردنی نیوەی خاکی کوردستانە.

ئ. م

Fly Erbil Advertisment