لێژنه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی كه‌ركووك دوایین راپۆرتی كاره‌كانی راده‌ستی پارتی كرد

"پارتی له‌سه‌ر دانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركووك سست نییه‌"

K24- هه‌ولێر:

لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دوایین راپۆرتی خۆیان داوەتە مەكتەبی سیاسی پارتی و ئەنجامی كارەكانی رابردوویان خستووەتە روو.

له‌مباره‌شه‌وه‌ محه‌مه‌د خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە کەرکووك دەڵێت، حیزبەکەی لە دانانی پارێزگارێك بۆ کەرکووك سست نیە، رێککەوتنیش لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی كوردستان لەسەر ئەو پرسە کراوە، بەڵام ئەوە بە تەنھا بەس نییە و پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەن و پێکھاتەکانی شارەکە بکرێت، ده‌بێت کۆدەنگی تەواو لەسەر پرسەکە ھەبێت.

هاوكات نازم شەمەری، جێگری سەرۆکی بەرەی یەکگرتووی عەرەبی جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، لایەنە عەرەبەکانی کەرکووك لەگەڵ ئەوە نین، دانانی پارێزگار پەیوەست بکرێت بە لایەنێك یان چەند لایەنێکی دیاریکراو، لاریشیان نییە لەوەی کاندید لە لیستی برایەتی بێت، یان کاندیدی ھەر نەتەوەیەك بێت، ئەوەی لای ئەوان گرینگە پارێزگار بە رێککەوتنی ھەموو پێکھاتەکانی کەرکووك دابندرێت.

لە ماوەی رابردوودل پارتی و یەکێتی لەسەر ناوێك بۆ پارێزگاری کەرکووك رێککەوتن، لێژنەیەکی شەش کەسیش لە ھەردوولا، بۆ دەستبەکاربوونی پارێزگار و گفتوگۆ کردن لەگەڵ لایەن و پێکھاتەکانی دیكه‌ی کەرکووك پێكهێنرا.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێویستە دانانی پارێزگار رەزامەندی بەغدای لەسەر بێت.

H.B