توركمان بۆ ده‌نگدان به‌ كاندیدی كورد بۆ پۆستی پارێزگای كه‌ركووك نه‌رمی نواندووه‌

لەسەر پرسی کەرکووك شاندێکی کورد لە بەغدایە

K24 - به‌غدا:

شاندێكی هه‌رێمی كوردستان، بۆ گفتوگۆكردن له‌ باره‌ی پرسی كه‌ركووك و پۆستی پارێزگار و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی پارێزگاكه‌، له‌ به‌غدا له‌ گفتوگۆدان.

په‌یامنێری كوردستان 24 رایگه‌یاند، شانده‌كه‌ له‌ ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی كه‌ركووك پێكهاتوون و سه‌ردانی باره‌گای سه‌ره‌كی به‌ره‌ی توركمانی كردووه‌ له‌ به‌غدا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و شانده‌ بۆ ئه‌وه‌ هاتوون تا له‌گه‌ڵ به‌ره‌ی توركمانی رێكبكه‌ون بۆ ئه‌وه‌ی له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌نگ به‌ كاندیدی كورد بده‌ن بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك كه‌ ته‌یب جه‌باره‌.

په‌یامنێری كوردستان 24 ئه‌وه‌شی راگه‌یاند، كه‌ توركمانه‌كان نه‌رمیان نواندووه‌ و بۆ ئه‌و پرسه‌ له‌ كورد نزیكترن نه‌ك پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركووك.

ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك، له‌ 42 ئه‌ندام پێكهاتووه‌ و هه‌ر كاندیدێك پێویستی به‌ 22 ده‌نگ ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ كورد 26 ئه‌ندامی له‌و ئه‌نجوومه‌نه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام كورد رایگه‌یاندووه‌، كه‌ نایانه‌وێ پرسه‌ بكه‌نه‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ و پێیان باشه‌ رێككه‌وتنی پێشوه‌خته‌ هه‌بێت.

ته‌یب جه‌بار، كاندیدی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی و لیستی برایه‌تییه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر پێدانی 7 ده‌نگی پێكهاته‌ی توركمان له‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بۆ ئه‌وه‌ی ته‌یب جه‌بار وه‌ك پارێزگاری كه‌ركووك هه‌ڵبژێردرێت، كورد رازییه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك بۆ توركمان بێت.

ئ. م