شاندێكی ھاوبەشی ھەدەپە و كەجەدە گەیشتە ھەولێر
لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆ دەبنەوە
K24 - ھەولێر
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا شاندێكی باڵای ھاوبەشی ھەدەپە و كەجەدە بە سەرۆكایەتیی سەزای تەمهللی، ھاوسەرۆكی ھەدەپە و بەردان ئۆزتورك، ھاوسەرۆكی كەجەدە گەیشتە ھەولێر و بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژدا چەندین دیدار و چاوپێكەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان ئەنجام بدەن.
شاندەكەی ھەدەپە و كەجەدە لە فڕۆكەخانەی نێودوڵەتیی ھەولێر لەلایەن پارێزگاری ھەولێر و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان پێشوازیان لێ كرا. بڕیارە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و بەرپرسە حزبی و حكوومەییەكانی ھەرێمی كوردستان دۆخی ناوچەكە تاووتوێ بكەن.
عابد ئیکە، نوێنەری ھەدەپە لە ھەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی راگەیاند: "سەردانی شاندی ھەدەپە بۆ ھەرێمی كوردستان، بە مەبەستی تاووتوێكردنی سیاسەتی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھانە، كە پێویستە رەوشی كوردان لە ناوچەكە تاووتوێ بكرێت".
لە وەڵامی پەیامنێری كوردستان24، كە ئایا شاندەكە سەردانی قەندیل دەكات؟، نوێنەری ھەدەپە گوتی: "ئێستا شاندی ھەدەپە ناتوانێت بچێتە قەندیل، چونكە چەند ساڵێكە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا وەستاوە و لەم رەوشەدا ھاووڵاتیانی سڤیلیش ناتوانن سەردانی قەندیل بكەن، شەو و رۆژ فڕۆكەكانی توركیا لەسەر قەندیلن".