شوانێك هەزاران مین پوچەڵ دەکاتەوە و خۆی دەبێتە قوربانی مین

ئەحمەد فەتاح بەهۆی تەقینەوەی مین هەردوو دەست و چاوێکی لەدەستداوە

 K24 - رانیە

شوانێكی دانیشتووی گوندی بێتواتەی خۆشناوەتی، سەرباری پوچەڵکردنەوەی ھەزاران مینی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، ئێستا خۆی یەکێکە لە قوربانییەکانی مین و ھەردوو دەست و چاوێکی لەدەستداوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە رۆژانە کارەکانی جێبەجێ دەکات و شوانی ژمارەیەكی زۆری ئاژەڵە و دەچێتە دەشت و شاخەكان.

ئەحمەد فەتاح، ئەو شوانە تەمەن 63 ساڵانەیە كە لەگەڵ لەدەستدانی دەستەکانیشی، بەڵام تەواوی کارەکانی رۆژانەی بە باشی ئەنجام دەدات.

مینە چێندراوەکانی سەردەمی بەعس لەناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، خەڵکانێکی زۆریان کردوەتە قوربانی، مام ئەحمەد دوای لەدەستدانی چاوێک و ھەردوو دەستی ھێشتا لە پوچەڵ کردنەوەی مینەکان بەردەوام بووە،  وەک خۆی دەڵێت "ئەگەر مینێکم دیبێ و نەمتوانیبێ پوچەڵی بکەمەوە یان تەقاندومەتەوە، یانیش ھەوڵمداوە دووری بخەمەوە بۆ جێگایەک کە مەترسی بۆ ژیانی خەڵک کەمتر بێ".

شوانی، پیشەی مام ئەحمەدە بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی، لەگەڵیدا مووچەیەکی کەم ئەندامی ھەیە و بڕەکەی 150 ھەزار دینارە، وەک خۆی دەڵێ "تەنھا بەشی دووسێ رۆژ دەکات و ھەر ئەوەندە".

ھ.م