لایه‌نه‌ كوردییه‌كان جه‌خت له‌سه‌ر وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌

"ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت كورد زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت"

K24- هه‌ولێر:

لایەنە كوردییه‌كان پێیان باشە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووك، کورد  پۆستی پارێزگار وەربگرێت. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەرێننەوە، ئەو پارێزگارە، بتوانێت بڕیارەکانی پێشووی پارێزگاری سەپێنراو رەتبکاتەوە و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاش بارودۆخ ئاسایی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی پێکهاتەکان بتوانن بەبێ رێگری بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن.

له‌مباره‌یه‌وه‌ رێبوار بابكه‌یی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستا له‌ فراكسیۆنی پارتی ده‌ڵێت: وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركووك له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ گرنگه‌، كه‌ له‌لایه‌ك هه‌موو بڕیاره‌كانی پارێزگاری سه‌پێندراوی ئه‌و شاره‌ هه‌ڵبوه‌شێنرێنه‌وه‌ و له‌لایه‌ك دیكه‌شه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئاواره‌كانی كه‌ركووك كه‌ له‌ شاره‌كانی دكه‌ی هه‌رێمی كوردستانن، بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ناوچه‌كانیان، تاوه‌كو دواجار بتوانرێت هه‌ڵبژاردنێكی پاك به‌ڕێوه‌بچێت.

له‌كاتێكیشدا به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا، تا دێت دۆخی کەرکووك ئالؤزتر ده‌بيت و بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە ئەنجام بدرێت، ده‌شگوترێت، كه‌ دواخستنی دانانی پارێزگاری کەرکووك بۆ دوای هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی کورد نابێت، ئازاد جۆڵا، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندیە گشتیەکانی یەکێتیش مه‌ترسییه‌كانی دۆخه‌كه‌ ئاشکرا دەکات و دەڵێت: دەبێت سەرجەم بڕیارەکانی پارێزگاری سەپێنراو رەتبکرێنەوە.

هاوكات كاردۆ محه‌مه‌د، هه‌ڵسووڕاوی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ کورد بە یەك هەڵوێستی گفتوگۆ لەسەر پرسی کەرکووك بکات.

بریارە لە مانگی نيسانى ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووکیشەوە بکرێت، هۆشداریش دەدرێت، بەم بارودۆخەوە کورد بەشداری هەڵبژاردنەکان بکات، شکست دەهێنێت و لایەنە كوردییه‌کانیش پیان باشە، به‌ر له‌ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، کورد پۆستی پارێزگاری کەرکووك وەربگرێتەوە.

H.B