رۆژانه 20 خێزانی ئاواره دێنه كهمپهكانی كوردستان
زیاتر له ههزار خێزان دووباره ئاواره بوونهتهوه و هاتوونهتهوه كهمپهكای كوردستان
K24 - ههولێر:
تەنھا لە 8 مانگی سەرەتای ئەمساڵ زیاتر لە ھەزار خێزانی ئاوارە دووبارە ڕوویان لە کەمپەکانی سنووری ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە، ئەمەش گرفتی گەورەی بۆ ئیدارەی کەمپەکان دروستکردووە، ئاوارەی کەمپەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقیش لەبەر نەبوونی ئەمنیەت و پێداویستییەكانی ژیان لە کەمپەکانیان، روو لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شام دەکەن.
کەلسوم و زینە، خوشکن لە کەمپی نەمروود لە سنووری پارێزگای سەڵاحەدین ھەڵھاتوون و روویان لە کەمپی حەسەن شام کردووە، وەك خۆیان باسی دەکەن ئەوەی ئەوان لە پێناویدا ڕوویان کردووەتە کوردستان، باشی ئاسایشی کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەو خزمەتەیە کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە پێشكەش بە ئاوارەكان دەكرێت.
کەلسوم خۆی و سێ منداڵی، 2 ساڵ لە کەمپی نەمروود ماوەتەوە، دەڵێت: "لەوێ ژیانی ئاوارەكان لە دۆخێكی سەختدایە، بۆیە بە ناچاری لەوێ ھەڵھاتم ئەگەر چەکدارانی حەشدی شەعبی ڕێگەیان پێ بدەن کەسوکارەکەم و دەیان خێزانی دیكە بەرەو كەمپەكانی ھەرێمی كوردستانەوە دێن".
لە ماوەی 6 مانگی سەرەتای ئەمساڵ نزیکەی 850 خێزان دووبارە گەڕاونەتەوە ناو کەمپەکانی حەسەنشام و خازر. ڕۆژانە زیاتر لە 10 خێزان لە کەمپەکانی دەوروبەری سەڵاحەدین و مووسڵ و کەمپەکانی دیکەوە ڕوو لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
لەکۆی ملیۆنێك و 700 ھەزار کەس کە ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، تەنھا 900 ھەزار کەس گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان، ئەمە جگە لەوەی لەو ژمارەیش کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان بەشێکی زۆریان دووبارە لەبەر ناسەقامگیری ئەمنی گەڕاونەتەوە ناو کەمپەکانی سنووری ھەرێمی کوردستان، ئێستا تەنیا لە سێ کەمپی سنووری خازر زیاتر لە 17 ھەزار کەس ژیان بەسەر دەبەن.