نیویۆرک تایمز: ماددەی هۆشبەر بووەتە هەڕەشەی جددی لە بەسرە
تادێت ژمارەکان زیاد دەکەن
K24 – ههولێر:
حوسەین کەریم، سێ ئۆتۆمبێل، پارچەیەک زەوی کە نیازی هەبوو خانوویەکی لەسەر دروست بکات و هەزاران دۆلاری لە ماددەی هۆشبەری کریستاڵ مێس خەرج کردووە.
ئەو یەکێکە لەو هەزاران ئالودەبوەیعێراق، وڵاتێک کە پێشتر ئالوودەبوون بە ماددەی هۆشبەر زۆر کەم و دەگمەن بوو.
حوسەین ئێستا لە ژوورێکی بێ پەنجەرە لەگەڵ ژن، سێ منداڵ و برایەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دەژی و بە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی گوتووە: "ئەگەر ئەو ماددەیەم بێتە پێش چاو، مەحاڵە بتوانم خۆم بگرم و بەکاری نەهێنم".
ماوەی زیاد لە دوو ساڵە، حوسەین خۆی لە ماددە هۆشبەرەکان دوور خستۆتەوە و هاوڕێیەتی تەواوی ئەوانە رەتدەکاتەوە کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنن و دەیەوێت لێیان دوور بێت، تەنانەت کاتێک لە دەرگای ماڵەکەی دەدەن، خۆی دەرگاکە ناکاتەوە چونکە دەترسێت جارێکی دیکە پەلکێشی ژیانی ماددە هۆشبەرەکان بکرێتەوە.

لە راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز هاتووە، تەنها لە پارێزگای بەسرە لە ساڵی 2018، هەزار و 400 کەس بەهۆی فرۆشتن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون.
لە عێراقدا، بەبێ هەرێمی کوردستان، شەش هەزار و 800 کەس بەهۆی تێوەگلانیان لە بازرگانی کردن یان بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە زینداندان.
لە ئێستادا، ماددەی هۆشبەر لە بەسرە زۆر بەربڵاو بووە و دوای ئەویش بەغدای پایتەخت، بەوەش کە دیاردەیەکی نوێیە، نە کۆمەڵگا و نە حکوومەت نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددەی هۆشبەر و تاوان ئاشکرایکردووە، تاکو حەوت ساڵ لەمەوبەر، عێراق تەنها رێڕەڕەوی گواستنەوەی ماددە هۆشبەرەکان بوو بۆ وڵاتانی دیکە، بەڵام ئێستا کارگە و کێڵگە و تاقیگەی ماددە هۆشبەرەکان دروست کراون.
عەباد ئەلسەعیدی، قایمقامی شاری زوبەیر لە باکوری بەسرە دەڵێت، حکوومەت شەرم دەکات باس لەو کێشەیە بکات، تەنانەت میدیاکانیش بایەخی پێ نادەن.
ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددەی هۆشبەر بڵاویکردووەتەوە، باندی گەورە کەوتنە گواستنەوەی کریستاڵ مێس لە ئێرانەوە بۆ عێراق و تاقیگەکان دروستکراون. دواتر لە وڵاتی دیکەی دراوسێ عێراق لە رێگای سنوورەکان دەست بە هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەرکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نیویۆرک تایمز، گومان دەکرێت هەندێک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لەم بازرگانییە تێوەگلابن و زیندانیان باس لە دەستی حکوومەت لە ناو کارەکە دەکەن چونکە گەورە بازرگانان هەرگیز ناگیرێن ئەگەر دەستگیریش بکرێن بە ئاسانی لە زیندان هەڵدێن.
لەمساڵدا، هەزار و 500 کەس بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە بەسرە دەستگیرکراون، زۆربەشیان وەك حوسەین بێ کارن و زۆر شتیان لە ژیانیان دۆڕاندووە.
"باوکە دەتوانی بمبەیت بۆ دوکان و ئاسکرێمم بۆ بکڕێ"، کچی حوسەین لە کاتی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ نیویۆرک تایمز گووتویەتی.
حوسەینیش کە گیرفانی پارەی پسکیتێکی تێدا نییە وەڵامی داوەتەوە: "ئێستا نا کچم، کاتێکی دیکە".
H.J