چەك و جبەخانەكانی حەشدی شەعبی دەگوازرێنەوە

ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی پێگەکانی حەشدی شەعبی رادەگەیەندرێت

K24 - ھەولێر

دوای تەقینەوەی ژمارەیەک جبەخانە و سەربازگەی حەشدی شەعبی، وەزارەتی بەرگری عێراق رایدەگەیەنێت، چەك و جبەخانەی حەشدی شەعبی بۆ ناو كۆگاكانی وەزارەت گواستووەتەوە. هاوکات بڕیارە ئەمڕۆ وەزیری بەرگری ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی پێگەکانی حەشدی شەعبی رابگەیەنێت.

پاش بڕیاری قەدەخەکردنی فڕینی فڕۆکەکانی بیانی بەبێ، رەزامەندی وەرگرتن لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، وەزارەتی بەرگریش چەك و جبەخانەی حەشدی شەعبی بۆ ناو كۆگاكانی وەزارەت دەگوازێتەوە.

لەمبارەیەوە لیوا تەحسین خەفافجی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق رایگەیاند، تەواوی چەك و جبەخانە سەربازییەكانی حەشدی شەعبی، بۆ نێو كۆگاكانی وەزارەت گواستراونەتەوە و ئێستا لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگریدان.

خەفاجی، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، عێراق فڕۆکەی ئێف16 و سیستمی بەرگری دژە مووشەكی هەیە، کە دەتوانێت ئاسمانی وڵات بپارێزێت، بەڵام پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و دابینكردنی سیستمی رادار و ئاگاداركردنەوە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق ئاشکرایکردووە، نەجاح شەمەری وەزیری بەرگری بەنیازە لە رێگەی تەلەفزیۆنی فەرمی حکوومەتەوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە تەقینەوەی پێگەکانی حەشدی شەعبی رابگەیەنێت.

شەممەری سەرۆکی لیژنەی لیکۆڵینەوەکانە لە بۆردوومانکردنی کۆگاکانی حەشدی شەعبی، بڕیارە خۆی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرابکات.

پەنجەی تۆمەت لە بۆردوومانکردنی پێگەکانی حەشدی شەعبی بۆ ئیسرائیل راکێشراوە و پێشتر چەندین گرووپی چەکداری و کەسایەتی سیاسی شیعە، داوایان لە حکوومەتی بەغدا کردووە وەڵامی ئەو دەستدرێژییانەی تەلئەڤیڤ بداتەوە.

ھ.م