پێكھاتەكانی كەركووك سازش لەسەر داواكارییەكانیان ناكەن

پێكھاتەكانی كەركووك ئامادەكارییان بۆ كۆبوونەوەی دووەمیان نەكردووە

K24 - كەركووك

هەرسێ پێکهاتەکەی كورد و عەرەب و توركمان لە کەرکووک، لەسەر داواکارییەکانی خۆیان سوورن و هێشتا هیچ ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی دووەم نەکراوە، کە بڕیار بوو لەم هەفتەیە ئەنجام بدرێت. ئەندامێکی کوردیش لە شاندی دانوستانکاری کورد ئاشکرای دەکات، ئەگەر بەرەی تورکمانی و عەرەبەکان پشتگیریی پڕۆژەکەی کورد بۆ دانانی پارێزگار نەکەن،  ئه‌وا لیستی برایەتیی بە ناچاری لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکانی دیکە رێکدەکەون و پارێزگارێک بۆ کەرکووک هەڵدەبژێرن.

بڕیار بوو لەم هەفتەیە کورد دوو کۆبوونەوەی دیکە لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان بکات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامادەکارییەکی بۆ نەکراوە، بەو پێیەش بێت گفتوگۆکان هێشتا ئەنجامیان نەبووە و هەر پێکهاتەیەکیش جەخت لە سەر داواکارییەکانی خۆیان دەکەنەوە.

عەلی مەهدی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە کوتلەی تورکمانی بە كوردستان24ی گوت: "هێشتا نەگەیشتووین بە هیچ رێککەوتنێک، ئێمە لەسەر داواکارییەکانی خۆمان سوورین، تا کاتی هەڵبژاردن پۆستی پارێزگارمان دەوێت، دوای هەڵبژاردنیش بەشێوەی دەوری دەبێت ئەو پۆستە بەڕێوە ببرێت، پۆستەکانیش بە ڕێژەی 32% لە نێوان پێکهاتەکان دابەش بکرێن، هیوادارین بگەین بە رێککەوتن و گفتوگۆکانیش بەردەوام بن".

عەرەبەکانیش تا ئەنجامدانی هەڵبژاردن، داوای هێشتنەوەی راکان جبووری وەک پارێزگاری کەرکووک دەکەن، تورکمانەکان جگە لە داواکردنی ئەو پۆستە، داوای رێژەی %32ی پۆستەکان دەکەن، کوردیش بەم داواکارییانە رازی نییە و پێیوایە ئەو دوو پێکهاتەیە شەڕی شتێک دەکەن کە هی خۆیان نییە.

1/4/2019، بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێرگاکان دیار كراوە، کە ئەمەشیان بەلای کوردەوە خەمێکی دیکەیە و بەرۆکی گرتووە، لە ئەگەری هەموار نەکردنەوەی یاساکەشدا دوور نییە کورد ئەوەندەش کە هەیەتی، لە دەستی بدات، چونكە بەپێی ماددەی 16ی یاساكە، ھەر كەسێك دانیشتووی پارێزگاكە نەبێت، نابێ دەنگ بدات، لەكاتێكدا لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە ژمارەیەكی زۆری كورد ئاوارەی ھەولێر و دەوروبەری بوون و تا ئێستاش نەگەڕاونەتەوە و چاوەڕێی ئاساییكردنەوەی دۆخی شارەكە دەكەن.

ھ.م