نرخی تابلۆی ژمارە(1)ـی ھەڵەبجە ئاشكرا كرا
ئەمڕۆ 9 تابلۆ دەفرۆشرێن
K24 - ھەڵەبجە
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا بەشێوەی زیادكردنی ئاشكرا، 9 تابلۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لە ھەڵەبجە دەفرۆشرێن و نرخی ژمارە (1)ـیش ئاشكرا كرا.
ئەڤین عەتا، پەیامنێری كوردستان24 لە ھەڵەبجە رایگەیاند: "پارێزگاری ھەڵەبجە داوا لە سەرمایەداران و بازرگانان دەكات، ئەو كەسانەی خوازیارن تابلۆكانی ھەڵەبجە لە ژمارە 1 تا 9 بكڕن، بەشداریی رێوڕەسمەكە بكەن، كە پارەی تابلۆكان بۆ بنیاتنانەوەی شاری ھەڵەبجە تەرخان دەكرێت".
گوتیشی: "بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، نرخی تابلۆی ژمارە (1) بە یەك ملیار دینار دیار كراوە، واتا ھەر كەسێك بیەوێت بیكڕێت، دەبێ 1 ملیار بدات، بەشێوەی فرۆشتنی زیاد كراو لە یەك ملیار دەست پێ دەكات و كێ زیاتر پارە بدات، دەبێتە ھی ئەو كەسە".
عەمید حەسەن عەبدوڵڵا، بەڕێوبەری ھاتووچۆی ھەڵەبجە بە كوردستان24ی گوت: "فرۆشتنی ژمارەكان بە سەرپەرشتی لیژنەیەك دەبێت كە بە سەرۆكایەتیی پارێزگاری ھەلەبجە و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ و ھاتووچۆی ھەڵەبجە و گەنجینەی ھەڵەبجە پێك ھاتووە".
راشیگەیاند: "تابلۆی ژمارە (1) لە یەك ملیار دینار و ژمارە (2) لە 600 ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەكات، كێ زیاتر پارە بدات، پێشكەشی ئەو كەسەی دەكەین".
پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش كرد: "ئامادەكاریی بۆ رێوڕەسمەكە كراوە و چاوەڕوان دەكرێت خەڵكێكی زۆر بەشداریی بكات، ھەركەسێك خەڵكی عێراق بێت بەپێی مەرجەكان دەتوانێ تابلۆ نایەبەكانی ھەڵەبجە بكڕێت".
ھ.م