كۆمسیۆنی ههڵبژاردنهكان داوایەك لە هاووڵاتیان دەكات
زۆربەی ھاووڵاتیان خۆیان تۆمار نەكردووە
نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشكرای دەكات، تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری خەڵك خۆیان لە بنكەكان تۆمار نەكردووە و داواش دەكات ھەرچی زووە سەردانی بنكەكانیان بكەن. ئاماژە بەوەش دەكات، 90 ھەزار كەس لە ساڵی 2003وە كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە و داوا كراوە ناوەكانیان لە تۆماری دەنگدەران بسڕێتەوە.
ئارام سەباح، بەڕێوبەری گشتیی نووسینگەی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا سەرقاڵی تۆماری بایۆمەترین كە 53 بنكەمان لە ھەولێر ھەیە، لە كۆی دەنگدەرانی پارێزگای ھەولێر كە ملیۆنێك و 277 ھەزار و 942 دەنگدەرە، تەنھا 716 ھەزار كەس خۆیان تۆمار كردووە، كە دەكاتە رێژەی 56%، ئەمەش رێژەیەكی زۆر كەمە. بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان دەكەین سەردانی بنكەكان بكەن و ھیوادارین كەناڵەكانی راگەیاندنیش بۆ ئەم مەبەستە ھانی ھاووڵاتیان بدەن".
گوتیشی: "ئێمە سێ جۆر كارتی دەنگدانمان ھەیە، كە بریتین لە كارتی دوورمەودا، 35 ھەزار كارت لە بنكەكانمان ھەیە، خەڵك خۆی تۆمار كردووە و نەھاتوون كارتەكانیان وەرگرنەوە، بۆیە داوا لە خەڵك دەكەین بێن لە بنكەكان كارتەكانیان ببەنەوە. ھەروەھا كارتێكی دیكەمان ھەیە كە لە ساڵی 2003 چاپ كراوە، نزیكەی 90 ھەزار كارتمان لەم جۆرە ھەیە و تا ئێستا وەرنەگیراوەتەوە، داوا لە ئێمە كراوە ئەگەر تا مانگی 10ی ئەمساڵ دەنگدەرەكان سەردانی بنكەكان نەكەن و كارتەكان وەرنەگرنەوە، ئهوا كار بۆ ئەوە دەكرێت ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا بسڕێتەوە. كارتێكی دیكەمان ھەیە كە تایبەتە و ھی كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەیە، تا ئێستا نزیكەی 35 ھەزار كارت وەرنەگیراوەتەوە، ئهمه لهكاتێكدایه كه ھەموو ئاسانكارییەكمان كردووە، ئەگەر تەنھا كەسێك لە خێزانەكەیان سەردانی بنكەكان بكات، دەتوانن كارتەكە وەربگرنەوە".
لەبارەی تۆماری ئاوارەكانیشەوە، ئارام سەباح، گوتی: "چەندین ئاماری ئاوارەكانمان لەبەر دەستە، ئامارێكیان نزیكەی 500 ھەزار كەسە و ئامارێكی دیكە 296 كەسە، بەڵام ھەموو ئەو ئاوارانەی لەناو كەمپەكان دەژین لای ئێمە تۆمار كراون، ھەروەھا تیمەكانمان كار لەسەر كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون دەكەن كە زۆر لە ئاوارەكان لێی نیشتەجێن".
ھ.م