بۆ رێگرتن له‌ به‌قاچاغ بردنی نه‌وت یاسایه‌كی عێراق له‌ هه‌رێم به‌ركار ده‌كرێت

بڕیارە سبەی سێ شەممە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە

K24- هه‌ولێر:

هەرێمی کوردستان لە رێگەی یاساوە رێگری لە بەقاچاغ بردنی نەوت و بەروبوومەکانی دەکات،  بۆ ئەم مەبەستەش یاسایەکی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەرکار دەکات بە ناوی پرۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی قاچاغی نەوت و بەروبوومەکانی.

لیژنەی سامانە سروشتیەکانیشی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئاشکرای كرد،  وەزارەتی پێشمەرگە و ئاسایش  بەپێی ئەم یاسایە لایەنی دەستگیرکردنی قاچاغچیەکان دەبن.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە سبەی سێ شەممە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ چەند پڕۆژە و پێشنیازی یاسا بکات،  یەکێکیان ئەو پرۆژە یاسایەیە.

لە عێراق و هەرێمی کوردستان چەندین حاڵەتی کونکردنی بۆری نەوت هەبووە جگە لەمەش بردنی نەوت بە تەنکەر یەکێکە لە دیاردەکانی بە قاچاغ بردن بۆ رێگری لەو ديارده‌یه‌ش هەرێمی کوردستان بە یاسا رووبەڕووی دەبێتەوە و سزای قاچاغچیانیش کە لە یاساکانی گومرگدا هەیە توند ده‌بێت.