هاوردەکردنى هەنگوین قەدەغە کرا

دوو چالاکى گەورەى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین به‌ڕێوه‌ده‌چن

K24 – هه‌ولێر:

وەزاره‌تی کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم،  بڕیاریدا لە رۆژى 25ى ئەم مانگەوە هاوردەکردنى بەرهەمى هەنگوین لە دەرەوەى هەرێمى کوردستانەوە بۆ ناو هەرێمى کوردستان قەدەغە بکرێت، تا ئەو کاتەى بە بڕیارێکى تر بوار بە هاوردەکردنى ئەو بەرهەمە دەدرێتەوە.

بڕیاریشە لە سەرەتا و ناوەڕاستى مانگى داهاتووشدا لە هەرێمى کوردستان دوو چالاکى گەورەى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین ئەنجام بدرێت.

ئەم بڕیارەی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ لەسەر داواى هەنگەوانانى کوردستان و چەند گروپ و رێکخراوێکى تایبەت بە هەنگەوانان بووە، کە داوایان لە وەزارەتى کشتوکاڵ کردبوو، لە وەرزى بڕینه‌وه‌ی هه‌نگوین و تا ساغ کردنەوەى بەرهەمەکانیان لە بازارەکاندا هاوردەکردنى بەرهەمى هەنگوین لە دەرەوەى کوردستانەوە رابگیرێت.

بۆ دەرکردنى ئەم بڕیارە وەزاره‌تى کشتوکاڵ پشتى بە یاساى پاراستنى بەرهەمى ناوخۆى ژمارە (4)ى ساڵى (2008) بەستووە.

بڕیارە لە سەرەتا و ناوەڕاستى مانگى داهاتوودا لە هەرێمى کوردستان دوو چالاکى گەورەى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین ئەنجام بدرێت کە بریتین لە کۆنگرەى هەنگەوانانى وڵاتانى عەرەب کە رۆژانى 7-9/10/2019 لە هەولێر بەڕێوە بچێت و بە دواى ئەویشدا لە سلێمانى پیشانگایەکى تایبەت بە بەرهەمى هەنگوین دەکرێتەوە.

بە گوێرەى ئامارەکانى بەردەست لە هەرێمى کوردستان دا نزیکەى 12 هەزار کەس هه‌نگه‌وانن و پتر لە 300 هەزار شانەى هەنگیان هەیە.