كەلوپەلی قوتابخانە بە چەك و یارییە توندوتیژەكان دەڕازێندرێتەوە

داوا دەکرێت چاودێریی هاوردەکردنی پێداویستییەکانی قوتابیان بکرێت

K24 - ھەڵەبجە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن، پێداویستییەکانی خوێندکاران دێنە بازاڕ و ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو پێداویستیی خوێندکاران لەسەر شێوازی چەک و وێنەی پۆپجی و کۆمەڵی بابەتی دیکەی توندوتیژی ھاتوونەتە بازاڕ و خواستیان لەسەرە. توێژەرانی دەروونیش پەروەردەی خێزان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا بە ھۆکاری سەرەکی دادەنێن بۆ خووگرتنی ئەو منداڵانە کە ئەم جۆرە پێداویستییانەی خوێندنیان لەسەر شێوازی چەک لا پەسەندە.

چەند رۆژێکی کەمی ماوە بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، بۆیە بازاڕ جمەی دێ لە کەلوپەل و پێداویستیی قوتابخانە، بەڵام ئەوەی جێگای تێڕامانە، بینینی پێداویستییەکانی رۆژانەی قوتابیانە لەسەر شێوەی چەک، فرۆشیارێک دەڵیت "رۆژانە چەند جانتا بفرۆشم وێنەی کارتۆنی منداڵانی لەسەر بێت، ئەوا دوو بەرامبەری ئەو جانتایانە دەفرۆشم کە وێنەی چەک و یارییە ئەلیکترۆنییکەکانی لەسەرە، ئێمەش ئەو کەلوپەلانە دەھێنین کە خواستی زۆریان لەسەرە".

بەڕای توێژەرانی دەروونی، بوونی ئەو شێوازی کەلوپەلانە کە ئاماژەیە بۆ توندوتیژیی، کاریگەریی خراپ لەسەر دەروونی ئەو قوتابیانە دروست دەکات، بەبێ ئەوەی بیرێک لە داھاتوویان بکرێتەوە، بۆیە پێویستە فلتەرێک بۆ ھاوردەکردنی ئەو کەلوپەل و پێداویستییانە دابنرێت.

ھ.م