عێراق کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس-400 رەتدەکاتەوە
باڵیۆزی عێراق لە رووسیا لەسەر پرسەکە روونکردنەوە دەدات
K24 – ههولێر:
باڵیۆزی عێراق لە رووسیا، کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس 400 لەلایەن وڵاتەکەیەوە رەتدەکاتەوە.
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە مۆسکۆ، حەیدەر مەنسور هادی، باڵیۆزی عێراق لە رووسیا، رەتیکردەوە وڵاتەکەی هەوڵی کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس 400 بدات.
باڵیۆزی عێراق لە رووسیا رایگەیاند، هیچ دانوستانێک لە نێوان بەغدا و مۆسکۆ لەبارەی کڕینی ئەو جۆرە سیستمی بەرگرییەوە نیە، بەڵام ئاماژەی بە هەماهەنگی بەردەوامی نێوان هەردوولا کرد، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
پێشتر چەند سەرکردەیەکی باڵای حەشدی شەعبی، ئاماژەیان بە هەوڵەکانی عێراق کردووە، بۆ کڕینی سیستمی مووشەکی ئێس 400.
تورکیا بە کڕینی سیستمی ئێس-400 نێوانی لەگەڵ ئەمەریکا گرژی تێکەوت و ئەمەریکا چەند جارێک هەڕەشەی سزای ئابووری بەسەر ئەنقەرەدا کرد، بەوەی ئەمەریکا دەیەوێت، وڵاتان رووبکەنە کڕینی سیستمی مووشەکی پاتریۆت.
H.J