منداڵانی رۆژههڵاتی كوردستان داوای خوێندنی كوردی دهكهن
ساڵی نوێی خوێندن له ئێران دهستیپێكرد
K24 - ههولێر:
لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان وەرزی نوێی خوێندن دەستی پێ کرد و قوتابخانە و زانکۆکان بە ڕووی زیاتر لە 18 ملیۆن قوتابی و خوێندکاردا کرانەوە.
منداڵانی کورد کە ئەمساڵیش لە مافی پەروەردە بە زمانی کوردی بێبەشن، لە لێدوانی تایبەت بۆ کوردستان 24 داوای پەروەردە و خوێندن بە زمانی کوردی دەکەن.
ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو لە ڕۆژی یەکی ڕەزبەردا کە یەکەم ڕۆژی وەرزی پاییزە، دەرگای قوتابخانەکان و سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بە ڕووی قوتابیان و خوێندکاراندا کرایەوە.
ئەمساڵیش ئەو مناڵانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەچنە پۆلی یەکەمی خوێندن، پاش شەش ساڵ ژیان لە ناو بنەماڵە و خزموکەس و کۆڵان و گەرەک و شارەکەیان بە زمانی کوردی، پەروەردەیان لە قوتابخانە بە زمانێکی جیا لە زمانی دایکیان دەست پێ دەکات.
زۆربەی مناڵانی کورد نایشارنەوە کە حەز دەکەن لە قوتابخانەش بە زمانی خۆیان بخوێنن
زۆربەی دایک و بابەکان و بە تایبەت ئەوانەی مناڵی پۆلی یەکیان هەیە لە یەکەم رۆژی کرانەوەی قوتابخانەدا لەگەڵ مناڵەکانیان هاتوون. ئەوانیش حەز دەکەن پەروەردەی منالەکانیان بە زمانی کوردی بێ و ئەگەر ئەوەش نییە جارێ لانی کەم پەروەردەی زمانی کوردی لە قوتابخانەکان دەست پێ بکرێت.
لە دۆخی خراپی ئابووریی ئێراندا و بە هۆی گرانبوونی کەلوپەل و پێداویستییەکانی خوێندن، کرانەوەی قوتابخانەکان بووەتە بارێکی گران بەسەر شانی زۆربەی بنەماڵەکانەوە
ئەمساڵیش زەنگی ساڵی نوێی خوێندنیش لە قوتابخانەیەكی تاران لەلایەن حەسەن روحانی سەرۆككۆماری ئێران لێدرا و زیاتر لە 18 ملیۆن قوتابی چوونە سەر پۆلەكانی خوێندن. لەو رێژەیە 14 ملیۆن و 500 ھەزار قوتابی قوتابخانەكانن و ئەویتریشی قوتابی زانكۆكانن. ئەوان بە هەر زمانێک و سەر بە هەر نەتەوەیەک بن، دەبێ تا دوایین قۆناغی خوێندنیان لە زانکۆ هەر بە زمانی فارسی بخوێنن.