حكوومه‌تی هه‌رێم داوای ته‌واوی شایسته داراییه‌كانی له به‌غدا ده‌كات
ھەرێم متمانەی بە عێراق نیە کە لە داھاتوودا قەرزەکان و شایستە داراییەکانی خه‌رج بكات
K24- به‌غدا:
تادێت واده‌ی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە پرۆژە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ نزیك دەبێتەوە، بەڵام ھێشتا ھیچ رێکەوتنێك بۆ رادەستکرنی نەوتی ھەرێم بەرامبەر بە پێدانی مووچە و بوودجە نەکراوە، له‌كاتێكدا حكوومه‌تی هه‌رێم داوای ته‌واوی شایسته داراییه‌كانی له حكوومه‌تی عێراق ده‌كات.
عەلا روبێعی په‌رله‌مانتاری ھاوپەیمانی سائیرون و هاوكات ئەندامی لێژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، ھەریچی رێکەوتن ھەیە دەبێت لە چوارچێوەی یاسای بودجە و پابەندبوونی ھەردولابێ، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەکان بێت.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لێژنه‌ی نه‌وت و وزه جه‌خت ده‌كاته‌وه، ئێمە ھەوڵماندا و ھەوڵیش دەدەین لە سەر باشترکردنی پەیوەندیەکانی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی عێراق، کە لە راستیدا ئەو رێگە خۆشکەر بوو بۆ بەڕێوەچوونی رەوشی سیاسی لە عێراق، چونکە دەیان کێشەی نێوانمان تێپەڕاند، بەلام پێویستە هه‌ردوولا پابەندی رێکەوتنە نەوتیەکان بن.
له‌كاتێكدا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی ٢٤ ملیار دۆلار قەرزاری کۆمپانیا نەوتییه‌كانە و دانه‌وه‌ی ئەو قەرزەش لە ئەستۆی حکوومەتی عێراقه، بۆیە وه‌ك بەڵێن ئسماعیل، سه‌رۆكی لێژنه‌ى وزه و سامانە سروشتیه‌كان له په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت ده‌كاته‌وه، ھەرێم ئەو متمانەی بە عێراق نیە کە لە داھاتوودا قەرزەکان و تەواوی شایستە داراییەکان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی لە بەرامبەردا ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی سۆمۆ بکات.
بە گوێره‌ی بڕگەی جیم له مادەی ١٠ ی پرۆژە بوودجەی ساڵی ٢٠١٩، حکوومەتی عێراقی لە سەریەتی مووچەی فەرمانبەران بێ دواکەوتن رەوانە بکات و تێکەڵی ھیچ ململانێەیەکی سیاسی و نەوتی نەکات، لە بەرامبەر رادەست نەکردنی نەوتی ھەرێمیش حکوومەتی عێراقی زیاتر لە ٥ ترلیۆن دیناری لە بودجەی گشتی ھەرێم بڕیوە، بۆیە ساڵی نۆێ جارێکی دیكه پرۆژەی بودجە ھەموار دەکرێتەوە و ھەموو ئەگەرەکانی گۆرانکاری لە بەردەم بوودجەی ٢٠٢٠ کراوە دەبن.
H.B