حكوومەتی ھەرێم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە گەرمیان دەستپێدەکاتەوە

بە بڕی 4 ملیۆن دۆلار شەقامەکانی کفری قیرتاو دەکرێت

K24 - كفری

بە بڕی 4 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی قیرتاوکردنی چەند گەڕەکێکی شارۆچکەی کفری لە دەڤەری گەرمیان دەستیپێکردووە، كە چەند ساڵێکە بەھۆی قەیرانی داراییەوە 14 پڕۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لە شارۆچکەکە راگیرابوون، بەرپرسانی ئیداری شارۆچکەکەش چاویان لەوەیە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم پڕۆژەی زیاتری خزمەتگوزاری لەناوچەکە ئەنجامبدات.

بەشێك لە شەقامەكانی شارۆچكەی كفری قیرتاو دەكرێن، كە ماوەی چەندین ساڵە ھیچ پڕۆژەیەكی نۆژەنكردنەوەی رێگە و كۆڵانەكانی تێدا ئەنجام نەدراوە، بەڵام ئێستا پڕۆژەكان كەوتوونەتەوە كار و ئەمەش بەرپرسانی یەكەی ئیداری ناوچەكەی دڵخۆشكردووە و نۆژەنكردنەوەی رێگەكان دەبێتە ھۆكارێك بۆ زیاتر گەشەسەندنی شارۆچكەكە.

بەگەڕ خستنەوەی پڕۆژەکانی قیرتاوکردن و ئاو ئاوەڕۆ و شۆستە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە جیا لەوەی بووەتە جێگای ئومێدی بوژاندنەوەی ناوچەکە لەلایەن ھاووڵاتیانەوە، سەرۆکی شارەوانی کفریش داوا لە حکوومەت دەکات، ھاوکاری زیاتریان بکات بۆ بەردەوامی کارە خزمەتگوزارییەکان.

ھ.م