داهاتی یەك مانگی نەوتی عێراق لە 6 ملیار دۆلار زیاترە

لە مانگێكدا زیاتر لە 111 ملیۆن بەرمیل ھەناردە كراوە

K24 - ھەولێر

وەزارەتی نەوتی عێراق نوێترین راپۆرتی لەبارە  فرۆشی نەوتی مانگی ئابی رابردووی بڵاوکردەوە، کە لە لایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی سۆمۆوە فرۆشراوە.

بە گوێرەی راپۆرتەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆی فرۆشی نەوتی خاو لە مانگی ئابی رابردوو زیاتر لە 111 ملیۆن بەرمیل و داهاتەکەشی نزیکە 6 ملیار دۆلار و 500 ملیۆن بووە.

ھەرەھا کۆی هەناردەی نەوتی خاو لە مانگی ئاب لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق 107 ملیۆن و 520 هەزار بەرمیل نەوت بووە و داهاتەکەی  6 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، کۆی نەوتی هەناردەکراوی کەرکووک لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە 3 ملیۆن 253 هەزار بەرمیل نەوت بووە، داھاتەكەشی گەیشتوووەتە 178 ملیۆن و 723 هەزار دۆلار.

ھ.م