100 دۆلار 160 هەزار دیناری تێپەڕاند؛ بازاڕی دراو سڕ بووە
بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر بە دیناری عێراقی بۆ سەرووی 160 هەزار دینار، مامەڵەکردن لە بازاڕی دراوی سلێمانی بە تەواوی وەستاوە و ترس لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 05ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لەنێو بازاڕی دۆلاری شاری سلێمانی رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بازاڕی رێک وەستاندووە. ئەو بازاڕەی پێشتر جەنجاڵییەکی زۆری تێدابوو، ئێستا بە تەواوی سڕ بووە.
پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە دا، مامەڵەکاران ترسیان لە دۆخەکە هەیە، بە جۆرێک ئێستا نرخی 100 دۆلار لە بازاڕەکانی سلێمانی گەیشتووەتە 160 هەزار و 250 بۆ 160 هەزار و 300 دیناری عێراقی.
لەلایەن خۆیەوە، شێخ کاوە یەحیا، خاوەنی نووسینگەی دراو لە سلێمانی، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 هۆکاری ئەم وەستانەی بازاڕی روونکردەوە و گوتی، بەشێکی گەورەی ئەم بەرزبوونەوەیە بەهۆی دەستکاری و قۆستنەوەی دەڵاڵ و سەوداکارانی بازاڕەوەیە (جامبازەکان).
باسی لەوەش کرد، هۆکارێکی دیکەی ئەم بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەواڵانەی لەبارەی دەستکاری بەهای دینار لە بانکی ناوەندییەوە دەکرێن؛ گوایە بانکی ناوەندیی عێراق 100 دۆلار دەکاتە 150 هەزار دینار.
روونیشی کردەوە، ئەگەر لە عێراق پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارەکان و حکوومەتدا رووبدات، مەترسیی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار 100% هەیە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو خاوەن نووسینگەیە باسی لە جیاوازیی نرخی جۆرەکانی دۆلار کرد لە بازاڕدا و باسی لەوە کرد، هێشتا جیاوازی لە نێوان دۆلاری چاپی کۆن (سپی) و چاپی نوێ (شین) هەیە، جیاوازییەکەیشیان لە نێوان 600 بۆ 750 دیناردایە بۆ هەر 100 دۆلارێک.