لایەنە سیاسییەكان جەخت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكەنەوە

ھاوپەیمانی كوردستانی راگەیەندرا

K24 - ھەولێر

دوای كۆتاییھاتنی كۆبوونەوەی لایەنە كوردستانییەكان بۆ پێكھێنانی لیستێكی ھاوبەش بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو، راشیانگەیاند، كە لەسەر لیستێكی ھاوبەش بۆ ناوچە كوردستانییەكان رێككەوتوون و جەخت ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكەنەوە. ھاوكات حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بڕیاریدا لەگەڵ لایەنەكانی دیكە و بە یەك لیست بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەن.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایگەیاند: "لیستی ھاوبەشی لایەنە كوردستانییەكان بۆ ھەڵبژاردنی ھەرسێ پارێزگای (كەركووك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین) دەبێت و بۆ پارێزگاكانی دیكە چاوەڕێ دەكەین كە لەگەڵ كام لیست رێكدەكەوین".

گوتیشی: "ئەو لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێت بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان بكەن، ئێمە وەك لایەنە كوردستانییەكان پێشوازیان لێدەكەین".

راشیگەیاند: "ھەموومان دەزانین بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان بارودۆخێكی نائاساییە، پشتوانی لەو تانانە دەكەین كە لە یاسای ژمارە 14ی یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دراوە و داوای ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكان دەكەین، بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت بەشداری لە ھەڵبژاردن بكەن".

سەعدی پیرە، داواشی كرد: "دەزگاكانی راگەیاندن رۆڵی كاریگەرییان ھەبێت بۆ ھاندانی خەڵك و بەشدارییكردنیان لە ھەڵبژاردن".

لەلایەكی دیكەوە رەسوڵ رەئوف، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، حزبی سۆسیالیست کە پێشوتر بڕیاریان دابوو بەجیا بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بکەن لە ناوچەدابڕاوەکان، بڕیاریاندا بێنە نێو (هاوپەیمانی کوردستانی) و بەشێک دەبن لەو هاوپەیمانێتییە.

ھ.م