خه‌سرۆ گۆران: چاوه‌ڕێی بڕیاری دادگای ئیتحادی ده‌كه‌ین

له‌باره‌ی‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق

K24 – هه‌ولێر:

خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، وه‌ڵامی دادگا، سه‌باره‌ت به‌ سكاڵای لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بۆ رۆژی 14ی مانگی داهاتوو دواخراوه‌.

دوای ده‌ركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق، ژماره‌یه‌ك لایه‌نی سیاسی هه‌رێمی كوردستان دژی ئه‌و یاسایه‌ له‌ دادگای ئیتحادی سكاڵایان تۆمار كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی یاساكه‌ ئاواره‌كان ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان و له‌وێ ده‌نگ بده‌ن و به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

به‌ هۆی ناله‌باری ره‌وشی ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی داعش و ره‌وشی نائاسایی شاری كه‌ركووكه‌وه‌ هه‌زاران خێزانی ئاواره‌ له‌ توانایاندا نییه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان.

بڕیاره‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق له‌ 1ی نیسان/ ئه‌پریڵی 2020 به‌ڕێوه‌ بچێت.

ئه‌مڕۆ 14 لایه‌نی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان گه‌یشته‌ رێككه‌وتن بۆ به‌شداریكردن له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ چوارچێوه‌یی یه‌ك لیستی كوردستانیی.

بڕیاره‌ سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ جارێكی دیكه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی ده‌ستنیشان بكه‌ن.

خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له‌ باره‌ی سكاڵاكه‌ی دادگای ئیتحادی رایگه‌یاند، رۆژی 14ی مانگی داهاتوو، دادگای ئیتیحادی بڕیاری له‌ باره‌وه‌ ده‌دات.