عادل عەبدولمەھدی لەسەر خۆپیشاندانەكان ھاتەدەنگ
بەڵێنی وەڵامدانەوەی گشت داواكارییەكانی خۆپیشاندەران دەدات
K24 - ھەولێر
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەسەر خۆپیشاندانەکانی بەغدا و شارەكانی دیكە هاتەدەنگ و بەڵێنی وەڵامدانەوەی سەرجەم داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەدات.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند "خۆپیشاندان مافێکی سرووشتییە، بەڵام هەندێک کەس رێڕەوی خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان تێکداوە و درووشمی وایان بەرزکردووەتەوە کە سزای یاسایی لەسەرە"
سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لە خۆپیشاندەران بە چەقۆ و شووشەی ئاگردارەوە هێرشییان کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان، بەڵێنیشیدا وەڵامی سەرجەم داواکارییەکانی خۆپیشاندەران بداتەوە و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەش پێکبێنێت.
بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە خۆپیشاندانی شارەکانی بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی باشووری عێراق، خۆپیشاندەرێک لە بەغدا و یەکێکی دیکە لە ناسرییە کوژران و 200 کەسیش برینداربوون، کە نزیکەی 40 کەسیان، ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.
ھ.م