پرۆسەی دەرھێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت خێرا دەكرێت

"ھاووڵاتیان دەتوانن لە ماوەی 10 رۆژدا پاسپۆرت وەربگرنەوە"

K24 - ھەولێر

قەرەباڵغی و فشاری سەر بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرتی ھەولێر كەمدەكرێتەوە و ھاووڵاتیان دەتوانن لە حاڵەتی ئاسایی لە ماوەی 10 رۆژدا پاسپۆرت وەربگرنەوە.

دیدار عومەر، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە مانگی 9ی ئەمساڵەوە بە دوو شەفت كارمان كردووە، لەو ماوەیەدا 42 ھەزار پاسپۆرت لە ھەردوو نووسینگەی ھەولێر چاپكراوە، ئێستا لە نووسینگەی یەك 15 ھەزار و 571 پاسپۆرت و لە نووسینگەی دوو 13 ھەزار و 200 پاسپۆرت ماوەی كە ھاووڵاتییان وەریان نەگرتووەتەوە، داوا دەكەین ھاووڵاتیان بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرت سەردانمان بكەن".

گوتیشی: "بە ھاووڵاتیان رادەگەیەنەین كە ئێستا لە ماوەی 10 رۆژدا لە حاڵەتی ئاساییدا دەتوانن مامەڵەكانیان تەواو بكەن و پاسپۆرت وەربگرنەوە، ھەروەھا خزمەتگوزاری بەپەلە دەتوانن لە ماوەی یەك رۆژدا پاسپۆرتیان پێبدەینەوە".

ھ.م