حكوومەتی ھەرێم فەرمانبەران لە پێدانی مووچە دڵنیا دەكاتەوە
جوتیار عادل: پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا پتەوە
K24 - ھەولێر
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە و چاوەڕێی راپۆرتی لیژنە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوولا دەکەن. هەروەها لە هەردوولاش نیازپاکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە. ھەروەھا دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران کاری لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و فەرمانبەران لە بەردەوامبوونی پێدانی مووچەکانیان دڵنیادەکەنەوە.
جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە كوردستان24ی گوت: "جگە لە دانیش و كۆبوونەوە لەنێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، پەیوەندیی تەلەفۆنی و گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچە ھەموو بابەتەكان ھەیە".
گوتیشی: "چاوەڕێی راسپاردەی لیژنەكانی تەكنیكی دەكەین، لیژنەكان لە گفتوگۆدان لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە و ناوچە كوردستانییەكان و پێشمەرگە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان روونیكردەوە: "بەپێی یاسای میزانیەی عێراق، نەوت رادەستی بەغدا ناكرێت، بەڵكو داھاتی نەوت رادەست دەكرێت".
لەبارەی مووچەی فەرمانبەران، جوتیار عادل گوتی: "خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆی دابەش دەكرێت، ھەموو ھەوڵ و كۆششمان ئەوەیە كە ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان زامن بكەین، ھەروەھا نیازپاكیمان بەرامبەر حكوومەتی عێراق نیشانداوە. دڵنیایی ئەوەش دەدەینە خەڵكی كوردستان كە سازش لەسەر مافەكانیان ناكەین".
ھ.م