لێدوانەکانی ئەردۆغان لیرە تورکی دادەبەزێنێ
هەر دۆلارێک بۆ 5.772 لیرەی تورکی بەرزدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
بەھۆی لێدوانەكانی ئەردۆغانەوە، بەھای لیرەی توركی لە دوایین مامەڵەكاندا داكەوتنی بەرچاو تۆماردەكات.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، دوای ئەوەی رەجب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی یەك لایەنە كار بۆ ئەوە دەكات كە ناوچەیەكی پارێزراو لە باكووری رۆژھەڵاتی سووریا دابمەزرێنێت، دەستبەجێ لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بەھای خۆی لە دەستدا. بەجۆرێك لە دوایین مامەڵەكاندا ھەر دۆلارێك یەكسان بوو بە 5 لیرە و 772 قوروش، بەوەش گەورەترین داكەوتن تۆماردەكات لەوەتەی مانگی تەمموزی رابردووەوە تا ئێستا.
لە ماوەی رابردوودا ئەنقەرە و واشنتن رێككەوتن لەسەر دروستكردنی ناوچەیەكی پارێزراو بە درێژایی 480 كیلۆمەتر لەسەر سنووری سووریا، بەڵام توركیا چەندین جار ھۆشداری دا لەوەی كە ئەگەر بێت و ھەوڵە ھاوبەشەكان بەگوێرەی پێشبینییەكان نەبوو، ئەوە یەك لایەنە ئەو كارە ئەنجامدەدات.
ھ.م