سەیرانگەکانی هەڵەبجە بە دەرمان و ماددەی قڕکەر دەڕشێندرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەڵەبجە، لەپێناو رێگرییکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان، هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەرمانڕشاندنی لە شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری هەڵەبجە و هەورامان دەستپێکردووە.

کەژۆست ئاسۆ، لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ساڵانە لە مانگی شەشەوە، هەڵمەتی دەرمانڕشاندن لە شوێنە گشتییەکان وەک سەیرانگە، شوێنە گەشتیارییەکان، زانکۆ، قوتابخانە، مزگەوت و بازاڕەکان دەست پێ دەکەن. ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە، رێگرییکردن لە تەشەنەسەندنی نەخۆشییە گوازراوەکان و پاراستنی تەندروستیی گشتیی شارەکەیە.

سەبارەت بە شێوازی کارکردنی تیمەکانیان، ئەو بەرپرسەی تەندروستی گوتی "تیمێک بەیانیان زوو دەردەچن و پێش ئەوەی هاووڵاتییان سەردانی شوێنەکان بکەن، بەتایبەت بازاڕ و چایخانەکان دەرمانڕێژ دەکەن. هاوکات تیمێکی دیکەیان لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی تا کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ، ئەرکی دەرمانڕشاندنی قوتابخانە و شوێنە گەشتیارییەکانیان پێ سپێردراوە."

لەبارەی جۆری دەرمانەکان و رێکارەکانی سەلامەتی، کەژۆست ئاسۆ روونیکردەوە، لەم هەڵمەتەدا دەرمانی دژی مێروو و قرتێنەرەکان بەکار هاتووە. ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە کە پێویستە ئەو شوێنانەی دەرمانیان تێدا بەکار دەهێندرێت لە کاتی پرۆسەکەدا چۆڵ بن، چونکە بەرکەوتنی راستەوخۆی هاووڵاتییان بەو دەرمانانە زیانی تەندروستییان لێ دەکەوێتەوە.

لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گوازراوەکان روونیکردەوە، بەهۆی بوونی مێش و مێرووی زۆر لە هەندێک قوتابخانەدا، مەترسی بۆ سەر تەندروستیی قوتابییان و مامۆستایان دروست ببوو، بەڵام دوای پرۆسەی دەرمانڕشاندن، ئەو مەترسییە نەماوە و بەوەش یەکێک لە سەرەکیترین رێگەکانی گواستنەوەی نەخۆشییەکان کۆنترۆڵ کراوە.