دوو پۆلیسی ئێران کوژران

وێنەی دوو پۆلیسە کوژراوەکەی ئێران
وێنەی دوو پۆلیسە کوژراوەکەی ئێران

ئەمڕۆ دووشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر تیمێکی پۆلیس لە بەمپوور، سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران، دوو کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە، لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر تیمێکی پۆلیس لە بەمپوور، دوو پۆلیس بەناوەکانی 'نیزام دەستگوشاد'  و ‘ئەمیرحوسین قاسمی’ لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی بەمپوور کوژران، ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوو پۆلیسەکە لەدایکبووی ساڵی 2002ـن.

سەرەتا تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران هەواڵی کوژرانی پۆلیسێکی راگەیاند، بەڵام تا ئێستا وردەکاریی تەواو سەبارەت بە چۆنیەتیی هێرشەکە یان ژمارەی هێرشبەران ئاشکرا نەکراوە.

هێرشەکەی بەمپوور هاوکاتە لەگەڵ شڵەژانی دۆخی ئەمنی لە سیستان و بەلووچستان لە رۆژانی رابردوودا، کە تێیدا چەندین هێرش و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکانی ئێران و هێزە چەکدارەکان روویانداوە.

سیستان و بەلووچستان دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران و هاوسنوورە لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان، ماوەی چەند ساڵێکە ئەم ناوچەیە شاهیدی زۆرترین رووبەڕووبوونەوەی ئەمنی و هێرشی چەکداری بووە.

هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران بەردەوام لە پارێزگاکە دژی گرووپە چەکدارەکان ئۆپەراسیۆن دەکەن و خاڵە ئەمنییەکان و گەڕۆکە سەربازی و پۆلیسییەکانیش بەردەوام رووبەڕووی هێرش دەبنەوە.