مەسرور بارزانی: دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشی بنیاتنەرانە و جێگیرمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەبێت

پوخته‌ی وتاره‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنفرانسی زانكۆی كوردستان له‌ هه‌ولێر، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ روانگە و ستراتیجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا

K24 - هه‌ولێر:

رۆژی چوارشەمممە 2019/10/2  رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی زانکۆی کوردستان لە هەولێر، بە زمانی ئینگلیزی گوتارێکی پێشکەش کرد، کە تایبەت بوو بە روانگە و ستراتیجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا.

پوختەیەکی وتارەکەی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە زمانی کوردی:

بەیانیتان باش..

زۆر سوپاس بۆ زانکۆی کوردستان بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆ قسەکردن لەبارەی روانگە و ستراتیجیەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  له‌بارەی سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا.

بێگومان چەند بنەمایەك هەن بۆ ئەوەی سەقامگیریی و ئارامی لە هەر وڵات و دەڤەر و ناوچەیەك هەبێت. هیچ حکوومەت و هەرێمێك ناتوانێت بە بێ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی سەقامگیریی خۆی مسۆگەر بکات و خۆی لە هێرش و دەستدرێژی بپارێزێت. هەروەها سەقامگیریی هیچ حکوومەتێکیش پارێزراو نابێت ئەگەر خەڵکەکەی ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆ و رێزلێگیراویان نەبێت. یان پارتە سیاسییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، کێشە و ناکۆکییەکانیان بەلاوە نەنێن. ئەمانە بەشێکی گرنگن لە بنەماکانی چەسپاندنی سەقامگیریی کە رەنگە ئەمڕۆ بەشدارانی ئەم کۆنفرانسە بە درێژی گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.

من ئەمڕۆ لێرەدا قسە له‌ بارەی بنەمایەکی گرنگی چەسپاندنی سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان دەکەم، ئەویش پەیوەندی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییە لە بەغدا.

ئێمە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی ئومێدبەخشمان راگەیاندووە، بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە، بەندە بە بوونی پەیوەندییەکی بنیاتنەر و هاوبەشانە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا.

ئەو پەیوەندییەی ئێمە بە عێراق دەبەستێتەوە، چەند لایەنەیە: چ لە بواری بەرگریکردن بێت لە ژیان و گوزەرانی خەڵك و دۆخی دارایی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی و ئەو یاسا و رێسایانەی پێویستە جێبەجێ بکرێن، تا پاراستنی ئەو سنوورانەی پێویستە کۆنترۆڵ بکرێن و بپارێزرێن.

هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا یارمەتیدەرێکی سەرەکی هەبوونی ئارامی و سەقامگیرییە کە زۆر گرنگە بۆ هاندانی وەبەرهێنەران، بەتایبەتی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە هەرێمی کوردستاندا و پەرەپێدانی هەموو کەرتەکانی ئابووری، بە شێوەیەك کە تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات نەبەسترێت.

هەر بۆ نموونە؛ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی کشتوکاڵی، ئاسایشی خۆراکمان بۆ دابیندەکات. گەشەپێدانی سامانە سرووشتییەکانمان دەبێتە هۆی ئەوەی لە رووی وزەوە سەربەخۆ بین. هەروەها پاراستنی ژینگە و سرووشتی دڵڕفێنی کوردستان، زیاتر هانی گەشتیاران دەدات بۆ ئەوەی زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن، بە تایبەتی لە شار و ناوچەکانی عێراقدا.

بۆیە هەبوونی پەیوەندییەکی باش و بەهێز لەگەڵ بەغدا، کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەبێت.

لێرەدا پێمخۆشە راشکاوانە باس لەوە بکەم، کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشی بنیاتنەرانە و جێگیرمان لەگەڵ بەغدا هەبێت. پێموایە بەغداش هەمان ئامانجی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانم بڵێم کە بە درێژایی ساڵی رابردوو پەیوەندییەکی ئەرێنی و دۆستانەمان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق رێزدار عادل عەبدولمەهدی و تیمەکەی بنیاتناوە. ئاشکرایە هەردوولامان بەرژەوەندی هاوبەش بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە، هەردوولامان سەقامگیریی و گەشەپێدانی ئابووری و خۆشگوزەرانیمان دەوێت و دەشزانین بۆ هاتنەدی ئەو ئامانجانە پێویستە هاوکاری یەکتر بین.

 بێگومان  لە ساڵانی رابردوودا کێشە و گرفت و ناكۆکی لە نێوان هەردوولامان درووست بووە،  بەڵام ئامانجی لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە، کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و بە لە یەکتێگەیشتن چارەسەر بکەین. ئەمەش لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقدایە.

ئێمە دەمانەوێت لە رێگەی هەبوونی پەیوەندییەکی باشی بنیاتنەرانە لەگەڵ بەغدا، دوارۆژێکی گەش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکەین.

چارەسەکردنی بنەڕەتی کێشەکان، پێویستە لە سەر بنەمای رێز لە یەکترگرتن و رێزگرتن بێت لە مافە دەستوورییەکانمان، چونکە لەبەرچاوگرتن و رێزگرتن لە مافی لایەنێك و پێشێلکردنی مافەکانی لایەنەکەی دیكه‌، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و هەڕەشەش دەبێت بۆ سەر تەناهی و سەقامگیریی.

بودجە..

لێرەدا پێمخۆشە ئاماژە بەوە بکەم، کە گفتوگۆکانمان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامن و بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن. بەتایبەتی گفتوگۆکانی تایبەت بە بودجەی 2019-2020 و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە پێویستی دەزانین بگەینە رێککەوتنێکی درێژخایه‌ن و دادپەروەرانە لەسەر بنەمای دەستوور.

نەوت وگاز..

سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نەوت و گاز، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە، کە دەبێت بە پێی دەستوور کێشەکان یەکلابکرێنەوە و چارەسەر بکرێن و مافەکانمان وەك هەرێمێکی دانپێدانراوی فیدراڵی، پارێزراو و رێزلێگیراو بن.

داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، رۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەیە لە دەستنیشانکردنی بودجەدا. بۆیە ئێمە زۆر بە گرنگ و پێویستی دەزانین، سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن و جۆراوجۆر بکرێن و تەنیا پشت بە یەك سەرچاوەی داهات نەبەسترێت، بۆ ئەوەی لەماوەی مەودا درێژدا پلانی باشتر بۆ گەشەپێدانی ئابووری دابنێین.

ناوچە کێشە لەسەرەکان..

له‌ بارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کێشە لەسەر، كەرکووك چەق و سەنتەری گفتوگۆکانمانە لەگەڵ بەغدا، کە پێویستە کێشەی ئەو ناوچانە بەپێی نەخشەڕێگایەك چارەسەر بکەین  بە گوێرەی ماددەی 140ی دەستوور. ئەو ناوچانە کە بە (ناکۆکی لەسەر) ناو دەبرێن، خۆی لە خۆیدا به‌ مانای ئەوە نایه‌ت هیچ لایەنێك بە تەنیا کۆنترۆڵیان بکات و بەڕێوەیان ببات، تا ئه‌و كاته‌ی دەگەینە چارەسەرێکی بنەڕەتی. ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لەو ناوچانەدا. بە پێچەوانەوە هەر بڕیارێکی تاکلایەنە یان سەپاندنی فۆرمۆلەیەکی دیاریکراو و دوور لە خواست و ئارەزووی دانیشتووان و پێچەوانەی دەستوور، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.

لەمبارەیەوە ئێمە داوای هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی دەکەین لەو ناوچانەدا کە یارمەتیی حکومەتی خۆجێیی بدات، هەروەها لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانیش کاردەکەین لە پێناو دۆزینەوەی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە، تا دەگەینە چارەسەری کۆتایی و بنەڕەتی کێشەکان.

پێشمەرگە..

خاڵێکی گرنگی دیكه‌ی گفتوگۆکانمان، تایبەتە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە داوا دەکەین پێشمەرگە بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق.

من خۆم لە تەمەنی 16 ساڵییەوە بووم بە پێشمەرگە و لە نزیکەوە فیداکاری و قارەمانێیتی و دیسپلینی پێشمەرگەم بینیوە، هەمووتان دەزانن کە هێزی پێشمەرگە چۆن لە شەڕی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و لەجیاتی هەموو جیهان رووبەڕوویان بوونەوە.

پێشمەرگە هێزی پاڵەوان و قارەمانی گەلی کوردستانن و جیهانیش ئەمە دەزانێت. بۆیە بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ماف و داخوازییەکانیان نابین و داوا دەکەین رۆڵێکی گرنگییان هەبێت لە سیستەمی بەرگری عێراقدا. بە تایبەتیش کە ماوەیەکە لەگەڵ برای بەڕێزم کاك قوباد تاڵەبانی و بەڕێز کاك شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە خەریکی ئەنجامدانی چەند چاکسازییەکین لە ناو پێشمەرگە، بۆ ئەوەی پێشمەرگە بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی چەسپاندنی سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بکات.

ئامادەبووانی بەڕیز..

وەک لە سەرەتاوە  ئاماژەم پێدا، ئێمە زۆر بەجددی کار لە سەر باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکەین، چارەسەرکردنی کێشەکانیشمان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەموو عێراقە و لە بەرژەوەندی سەقامگیریشە لە ناوچەکەدا، بۆیە پێمانوایە ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش بۆ چارەسەرکردنێکی بنەڕەتیانەی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور.

هیوادارم ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەین و هەردوولامان کاربکەین لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییەکانمان و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و عێراقیکی بەهێزدا.

زۆر سوپاس

 

ئ. م