خۆپیشاندان و توندوتیژی له شاره‌كانی عێراق فراوانتر ده‌بێت
خۆپیشانده‌ران به‌ره‌و ناوچه سه‌وز كه‌وتوونه‌ته رێ
K24- هه‌ولێر:
له به‌یانی ئه‌مڕۆوه، خۆپیشاندان له زۆربه‌ی پارێزگاكانی عێراق، ده‌ستیپێكرد و هاووڵاتیان بۆ داواكردنی ماف و خزمه‌تگوزاریی، رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ش له‌نێوان هێزه ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران روویدا و به‌و هۆیه‌شه‌وه كه‌سێك كوژرا و ده‌یان كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون، وێڕای ئاگربه‌ردان له چه‌ند فه‌رمانگه له شاره جیاوازه‌كان.
له زۆربه‌ی شوێنه‌كانیش، توندوتیژی له خۆپیشاندانه‌كان كه‌وته‌وه و هێزه ئه‌منییه‌كان به زه‌بری چه‌ك، رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ده‌بوونه‌وه.
له پێنج ناوچه‌ی پارێزگای به‌غدا درێژه به خۆپیشاندانه‌كان درا و ئێستاش بۆ بڵاوه‌پێكردنی خۆپیشانده‌ران، هێزێكی ئه‌منی زۆر ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی سه‌وزی ئه‌و كراوه، به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش، درووشمی خۆپیشانده‌ران له داواكردنی خزمه‌تگوزاریی و نه‌هێشتنی بێكارییه‌وه به‌ره‌و كه‌وتنی حكوومه‌ت ده‌چن.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه ته‌ندرووستیه‌كانیش، له خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌مڕۆی به‌غدا، دوو خۆپیشانده‌ر گیانیان له‌ده‌ستدا و 82ی دیكه‌ش بریندارن.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، ئێستا خۆپیشانده‌ران له پردی كۆماری به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز له رێگه‌ن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توند له نێوان ئه‌وان و هێزه ئه‌منییه‌كان روو ده‌ده‌ن.
هه‌رچی پارێزگای زیقاریشه، خۆپیشانده‌ران ئاگریان له بینایه‌ی ئه‌و پارێزگایه و بینایه‌ی سه‌ندیكای ئه‌ندازیاران و كۆمپانیای ئاشوور به‌ردا و به‌هۆی توندوتیژییه‌كانیش له‌و شاره، 4 خۆپیشانده‌ر و ئه‌ندامێكی هێزه ئه‌منییه‌كان كوژران و 50 كه‌سی دیكه‌ش بریندار بوون.
له پارێزگای میسانیش كه‌مێك به‌ر له ئێستا، خۆپیشانده‌ران هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌و پارێزگایه و ئاگریان له به‌شێكی باڵه‌خانه‌كه به‌رداوه.
له پارێزگای نه‌جه‌فیش خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زایی سازكرا و به‌گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان، ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له توندوتیژییه‌كاندا به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كان بریندار بوون، به‌بێ ئه‌وه‌ی ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی برینداران بزانرێت.
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه، خه‌ڵكی نه‌جه‌ف به‌وپه‌ڕی تووڕه‌یی رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و هێزه ئه‌منییه‌كانیش به‌چه‌ك هه‌وڵی بڵاوه‌پێكردنیان ده‌دات.
له پارێزگای به‌سره‌ش وێڕای داخستنی رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و شاره، سه‌دان كه‌س له ناوچه جیاوازه‌كان هاتوونه‌ته سه‌ر شه‌قام و خۆپیشاندانێكی ناڕه‌زاییان له به‌رده‌م بینایه‌ی پارێزگا ساز كردووه.
له بابلیش هاوشێوه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق هاووڵاتیان له چه‌ند درووشمێكی جیاوازدا تووڕه‌یی خۆیان نیشانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و شاره ده‌ده‌ن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ش له نێوان هه‌ردوو لا روویداوه و چه‌ند كه‌سێكیش بریندار بوونه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماری ته‌واویان بزانرێت.
H.B