سەرۆک وەزیرانی یۆنان هێرش دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی تورکیا

بەکارهێنانی پەنابەران لە لایەن تورکیاوە یۆنان نیگەران دەکات

K24 – هه‌ولێر:

یۆنان توركیا بەوە تۆمەتبار دەكات، كە قەیرانی پەنابەران بۆ ئامانجی سیاسی بەكاردەھێنێت.

كيرياكوس ميتسوتاكيس، سەرۆك وەزیرانی یۆنان رایگەیاند، توركیا قەیرانی پەنابەران لە ئەوروپا بۆ بەدیھێنانی ئامانجە تایبەتەكانی بەكاردەھێنێت و ئاماژەی بەوە كرد، توركیا دەتوانێت رێگری لە پەنابەران بكات، بەڵام پرسەكەی بۆ ئامانجە سیاسییەكانی سوود لێوەرگرتووە.

راشیگەیاند، پێویستە توركیا بەرپرسیارێتی خۆی بەجێ بھێنێت و رێككەوتنی پەنابەران لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا كارا بكات و رێگری لە پەنابەران بكات.

بەگوێرەی داتاکانی UNHCR، سێ ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا دەژین. تورکیاش لە کاتی دروستبوونی ئاڵۆزی سیاسی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، هەڕەشەی ناردنی پەنابەرانی بۆ ئەوروپا کردووە.

ئەمەش سەرەڕای ئەوەی یەکێتی ئەوروپا و تورکیا لەسەر پرسی پەنابەران و هێشتنەوەیان لە تورکیا بە بڕە پارەیەکی زۆر رێککەوتنیان کردووە.

H.J